ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی لە بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆ بووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان و بەردەوامی و بەهێزکردنی دیالۆگی نێوانیان کرد.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، لە شاری بەغدا، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لەدیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر هۆکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئەوەی هەست بەوە کرا کە نیازپاکی هەیە لە چارەکردنی گرفتەکان و پابەندبوون بە دەستوور و دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی لە بەغدا و هەروەها بۆ باسکردنی ئەو بابەتانەی کە ڕەهەندی نیشتمانی هەیە، سەردانی بەغدای کردووە.

پەیوەست بە مانەوەی هێزی هاوپەیمانان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەست نییە بە لایەنێک و دەبێ سەقامگیریی و بەرژەوەندییەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و جەختی کردەوە هانی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان و بەردەوامی و بەهێزکردنی دیالۆگی نێوانیان.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش، باڵیۆزی ئەمەریکا پێشوازیی لە دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کرد.

0