هاوشێوەی کریستیانۆ پێشوازی لە ئێمباپێ دەکرێت

کیلیان ئێمباپێ یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا
کیلیان ئێمباپێ یاریزانی هەڵبژاردەی فەرەنسا

بڕیارە دوای کۆتایی هاتنی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و لە ماوەیەکی نزیک، کیلیان ئێمباپێ ئەستێرەی نوێ یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی یانەکە، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێشكەش بە هاندەران بکرێت.

رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید وردەکاری مەڕاسیمی ناساندنی کیلیان ئێمباپێ بە هاندەران ئاشکرا دەکات. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە رۆژی شازدەی ئەم مانگە واتە دوو رۆژ دوای کۆتایی هاتنی یۆرۆ 2024، مەڕاسیمی ناساندنی یاریزانەکەیان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەکە بلاویشی کردەوە لە بەیانی ئەو رۆژە واتە 16ـی ئەم مانگە، کیلیان ئێمباپێ پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت، پاشان ئێوارەکەی بە ئامادەبوونی نزیکەی 80 هەزار هاندەر، لە یاریگای تایبەتی یانەکە بە هاندەران دەناسێندرێت.

ئەم مەراسیمە هاوشێوەی مەراسیمی ناساندنی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی پێشووی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا دەبێت، شوێنێکی تایبەت لە ناو یاریگای بێرنابیۆ دادەنرێت، هەروەها میوزیک و یارییە ئاگرینەکانی ڕاستەوخۆش پلانی بۆ دانراوە.

رۆژنامەی ئاسی وەرزشی بڵاویشی کردووەتەوە لە کاتی ناساندنی ئێمباپێ بە هاندەران، فلۆرێنتینۆ پێرێز درێسی ژمارە 9 پێشکەشی ئەستێرە نوێیەکەی یانەکەیان دەکات.