ژمارەیەکی دیکەی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی باڵای بەبازارکردنی گەنمی جوتیاران ڕایدەگەیەنێت، سبەی ژمارەیەکی دیکەی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکەن.
چوارشەممە، 3ـی تەممووزی 2024، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی باڵای بە بازارکردنی گەنمی جوتیاران، ئاگاداری جووتیاران دەکاتەوە ڕۆژی پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024، دەست بە دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت. بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، چەکی پارەی گەنمی جووتیاران لە زنجیرە (200) تاوەکو زنجیرە(350) دەبێت بۆ ئەو جووتیارانەی کە لە ڕێکەوتی 9-10-11 / 6 / 2024 گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆی هەولێر کردووە. ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە جوتیارانی قەزای قوشتەپە سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن، ئاشکراشی دەکات چەکی ئەو جووتیارانە لە بانکی بەحرکە خەرج دەکرێ .
وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، بڵاوی کردەوە، تا 23ـی حوزەیران 80 هەزار تۆن و 993 کیلۆ و 650 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە، هاوکات 66 هەزار تۆن و 546 کیلۆ و 940 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک وەرگیراوە، لەگەڵ ئەوەش 62 هەزار تۆن و 592 کیلۆ و 472 گرام گەنم لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر وەگیراوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، کۆی گشتیی ئەو بڕە گەنمەی تا ئێستا لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و ئەمبار کراوە، گەیشتووەتە 210 هەزار تۆن و 133 کیلۆ و 62 گرام.