ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دەستخۆشیی بۆ توێژێک دا
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی هاندان بۆ پزیشکانی سڕکردن لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.
لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتەکانی تەندروستی، دارایی و ئابووریی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کردووە، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشان داوە لەسەر خەرجکردنی هاندان بۆ پزیشکانی خاوەن پسپۆڕی سڕکردن لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی، خزمەتکردنی هاووڵاتییان، پاڵپشتیکردنی پزیشکانی سڕکردن و چارەی گرفتی کەمی ژمارەی پزیشکانی خاوەن پسپۆڕی سڕکردن بە ڕەچاوکردنی زۆری پێویستی نەخۆشخانە و سەنتەر پزیشکییە حکوومییەکان، ڕەزامەندی دراوە لەسەر خەرجکردنی هاندان".
هاوکات لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "لە بەرامبەر خەرجکردنی ئەو هاندانە، پزیشکانی سڕکردن کە لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی تەنسیب دەکرێت بۆ سەر وەزارەتی تەندروستی، دەرماڵەی خۆتەرخانکردنی زانستییان لێ دەبڕێت لە ماوەی تەنسیبەکەیان".
هەروەها پزیشکانی سڕکردن پابەند دەکات بە تەواوی ڕۆژانی دەوامی بەیانیان و ئێشکگرتن لە نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشکییە حکوومییەکان لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی ڕاسپاردووە وەک لایەنی تایبەتمەند بە جێبەجێکردنی ڕێنمایی و مەرجەکانی خەرجکردنی هاندان بۆ پزیشکانی سڕکردن، بەپێی خشتە و ڕێنمایی دیاریکراو، ئەو نووسراوە جێبەجێ بکات.