بەشێکی مووچەی مانگی حوزەیران گەیشت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت
بڕی زیاتر لە 231 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووش دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-07-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هـەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بڕی 231 ملیار و 605 ملیۆن و 531 هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، ڕۆژی یەکشەممە، 07-07-2024، دەست بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت کە لە سەرەوە ئاماژە بەناوەکانیان دراوە و تەمویلەکەیان گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.
ڕۆژی یەکشەممە، 30-06-2024، بڕی 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئادار (سێ)ـی ساڵی 2024، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی بە وەزارەتی دارایی عێراق، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.