رووماڵ

بارەگای بارزانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری عێراقی بڵاوکردەوە

سەرۆک بارزانی لە کۆشکی سەرۆکایەتی عێراق
سەرۆک بارزانی لە کۆشکی سەرۆکایەتی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی لە بەغدا سەردانی سەرۆککۆماری عێراقی کرد و جەختیان لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان کردەوە.

لە درێژەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی تەمموزی 2024) سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە: لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئامادەی بوون، سەرۆککۆماری عێراق پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە گرنگ و کاریگەر وەسف کرد لە قووڵکردنەوەی دیالۆگێکی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و هیوای خواست دەرئەنجامەکانی ئەو سەردانە خزمەتی سەقامگیریی و بەرژەوەندیی عێراق بکات.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی گشتیی عێراق و دواپێشهاتەکان کرا و جەخت لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان و بەردەوامیی ئەو کەشە ئەرێنیەی کە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتۆتە کایەوە.