ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق: سەرۆک بارزانی هەمیشە ڕۆڵی لە چارەکردنی کێشەکانی عێراقدا هەبووە

K24 – هەولێر:
ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە دا، سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیی پێگەیەکی زۆر کاریگەری هەیە و هەمیشە ڕۆڵی لە چارەکردنی کێشەکانی عێراقدا هەبووە.
محەممەدئەمین فارس، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کۆبووەتەوە، جەنابیان جەختی لە چارەکردنی کێشەکان ناوخۆی عێراق بە گشتی و هەولێر و بەغدا بە تایبەتی کردووەتەوە.
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیی پێگەیەکی زۆر گەورە و کاریگەری هەیە، ئەمەش وادەکات کێشەکان بەرەو چارەکردن بچن.
ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی تەمموزی 2024) لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە: لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئامادەی بوون، سەرۆککۆماری عێراق پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە گرنگ و کاریگەر وەسف کرد لە قووڵکردنەوەی دیالۆگێکی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و هیوای خواست دەرئەنجامەکانی ئەو سەردانە خزمەتی سەقامگیریی و بەرژەوەندیی عێراق بکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی گشتیی عێراق و دواپێشهاتەکان کرا و جەخت لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان و بەردەوامیی ئەو کەشە ئەرێنیەی کە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتۆتە کایەوە.