قارچکی کوردستان هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت

قارچک
قارچک

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، 11 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک لە هەرێمی کوردستان هەیە و چوارییان لە سنووری پارێزگای هەولێرە.

شەممە، 6ـی تەمموزی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرهەمی قارچک وەک هیچ بەرهەمێکی دیکە نییە، ڕۆژانە وەک بەشێکی سەرەکی بەکار ناهێنرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ دەڵێت، "لە سنووری پارێزگای هەولێر چوار پرۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی قارچک هەن، ڕۆژانە قارچک بەرهەم دەهێنن و خواستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕدەکەنەوە و بەشێکی دیکەشی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق هەناردە دەکرێت".

دەشڵێت: "پرۆژەکانی بەرهەمهێنای قارچک بریتین لە 11 پرۆژە، ساڵانە بڕێکی باش قارچک بەرهەم دەهێنن".

هێمن سەید موراد ڕاشیگەیاند، "بە گشتی، لە هەرێمی کوردستان 11 پرۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک هەن، جگە لە پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ، بەشێک لە بەرهەمەکەیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق هەناردە دەکرێت و کۆی گشتیی بڕی قارچکی بەرهەم هاتووش ساڵانە سێ هەزار و 190 تۆنە".