لە سنووری هەولێر 52 گوند و شوێن ئاگادارکراونەتە ئاوی پیس بۆ سەوزە و کشتوکاڵ بەکارنەهێنن

ئاودانی سەوزە و کشتوکاڵ
ئاودانی سەوزە و کشتوکاڵ

قایمقامی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەسنووری پارێزگای هەولێر 52 گوند و شوێنی چاندنی سەوزە ئاگادارکراونەتەوە ئاوی پیس بەکارنەهێنن، لێژنەکانی قایمقامییەت و شارەوانیش ڕاستەخۆ دەچنە ئەو شوێنانە و ئەوەی سەرپێچی کردبێت، تێکی دەدەن و ڕیکاریی یاسایی بەرامبەری دەگرنە بەر، لەگەڵ ئەوەشدا جووتیاران داواکارن ئەو سەوزە و ئالیکانەی تایبەتن بە ئاژەڵ جیابکرێنەوە و قایمقامی هەولێریش دەڵێت، سەرجەم ئەو زەوییانەی قەرەبوویان وەرگرتووە، ڕێگرییان لێدەکرێت.

لێژنەکانی شارەوانی و قایمقامییەتی هەولێر ،هەڵمەتی لادان  و تێکدانی ئەو ترۆمپایانە  ئەنجام دەدەن کە بە ئاوی پیس ئاودێری  سەوزە دەکەن ، لەچەند شوێنێک ئاوی پیس کۆبووەتەوە و بە ڕێگەی بۆری، سەوزەکان ئاو دەدرێن ،جوتیارێک کە چەندین ساڵە کاری چاندنی ئالیک و سۆیایە بۆ ئاژەڵان،  هەڵمەتەکە بۆ تەندروستی هاووڵاتیان بە پیویست دەزانێ، بەڵام داوا دەکات سەوزەی ئاژەڵ و مرۆڤ جیا بکرێتەوە.

نەوزاد خالیدی جوتیاردەڵێت، دەبێ بابەتەکان جیا بکرێنەوە، ناکرێ سەوزە بە ئاوی پیس ئاو بدرێت، بەڵام هەندێ بابەت پەیوەندی بە تەندروستیی مرۆڤەوە نییە، ئەوەی گەنمە شامی دەکات، یاخو ئالیک دەکات، کێشەیان نییە، پێویستە قایمقامیەت و شارەوانی ئاودانی سەوزە و ئالیک لە یەکتر جیا بکاتەوە، ناکرێ سەوزە بە ئاوی پیس بەرهەم بێت.

قایمقامی هەولێر ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانە دەکات و ئاگاداریی سەرجەم جووتیارەکانیش دەکاتەوە، بە تەواوی ڕێگریی لەو زەوییانە دەکەن کە قەرەبوویان وەرگرتووە و كەوتوونەتە ناو ماستەرپلانی شەقامی 150مەتری.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو کەسانەی هەوڵیانداوە بە ئاوی پیس کشتوکاڵ بکەن، ڕێگەمان پێیان نەداوە و ڕێگریمان لێیان کردووە، هاوکات لەڕێگەی موختارەکان ئاگادارمان کردوونەتەوە، چونکە لەڕووی ژینگە و تەندروستیی و یاساییەوە ڕێگەپێدراو نییە، گوتی، ئومێد دەکەین جووتیاران پابەند بن و سەرپێچی نەکەن، بۆ ئەوەی تەندروستیی کۆمەڵگە بپارێزین.

لە سنوری  پارێزگای هەولێر  چەندین ترۆمپا لەسەر ئاوەڕۆکان دانراون و ئاوە پیسەکە دەگوازنەوە بۆ نێو زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەر بەو ئاوەش سەوزەواتەکان ئاودەدرێن ، ئەوەش مەترسی بۆ تەندروستی هاوڵاتیان دروستدەکات.