ئەمڕۆ شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەگاتە هەولێر
شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە هەولێر.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 08-07-2024، شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەنێو باڵەخانەی وەزارتی پێشمەرگە؛ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوایی لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە، ئەو شاندەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، سەردانی هەولێر بکات بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی داواکارییەکانی حکوومەتی عێراق لە وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی "ئەوان داوای ناوی چواری، کۆد، بایۆمەتری و شوێنی دەوامکردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەکەن؛ جگە لەوەش داوای ناوی سیانی دایکی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە".
بە گوتەی لیوا توانا سدیق، "شاندەکەی حکوومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر کێشەیەکیش لە لیستی مووچە هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕانەگرن تا کێشەکە یان تێبینیەکە چارە دەبێت".
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتەکە هەموو ئامادەکارییەکی بۆ پێشوازیی لە شاندەکەی چاودێریی دارایی عێراق کردووە بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوان هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون، بەڵام مووچەی هێزە ئەمنییەکان هەر جارەو بەبیانووی جیاواز نانێردرێت.