کار لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بەردەوامە

ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، کار لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ بەردەوامە.

دووشەممە، 8ـی تەمموزی 2024، ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، تیمەکانی کۆمپانیای هابیکا بەردەوامن لەکارەکانیان لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ و ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەردەوام بە ژمارەیەک ئامێری پێویست، کارەکانیان دەکەن.

ڕاشیگەیاند "قایمقامیەتی چەمچەماڵ هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە ڕاگرتنی پرۆژەکە دەکەن، ئیدارەی قەزای چەمچەماڵ لەڕێگەی لیژنەیەکەوە کار ئاسانی تەواو بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار دەکات و هەر لەمپەرێک بێتە بەردەمی پرۆژەکە چارە دەکرێت".

بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی "گۆپتەپە"ی چەمچەماڵ، بە گوژمەی 78 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئیمزاکردنی گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ، ڕاستەوخۆ دەکرێت، ساڵانێکی زۆرە چەمچەماڵ و دەوروبەری بەدەست گرفتی کەم ئاوییەوە گرفتارن؛ ئەو چاوەڕوانییەی خەڵکی چەمچەماڵ لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە زووترین کات و بە سەرکەوتوویی تەواو دەبێت.

گوتیشی، "بەڕێنمایی و فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتگیری و خەمخۆری ئەوان بۆ خەڵکی چەمچەماڵ بڕیاری لێ دراوە، ئەو پرۆژەیەش دەچێتە سەر کارەکانی دیکەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان".

ساسان ڕاشیگەیاند، "ئەمرۆ گرێبەستەکە ئیمزا دەکەین و ڕاستەوخۆ دەچیتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکە بەناوی "پڕۆژەی دیزاین کردن و جێبەجێکردن و کار پێکردنی ئاوی گۆپتەپە"ـی چەمچەماڵە، لەلایەن کۆمپانیایەکی جێبەجێکار دەکرێت و گوژمەی پڕۆژەکەش بریتییە لە؛ 78 ملیۆن دۆلار، لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارەکە بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە".

 

Fly Erbil Advertisment