یەکەمین پێشەنگەی نانەوایی و هەویرکاری لە کرماشان کرایەوە
لە هۆڵی تاقۆسانی پێشەنگەی نێودەوڵەتیی کرماشان و بە بەشداریی 80 کۆمپانیا لە سەرانسەری ئێرانەوە پێشەنگەی هەویرکاریی و نانەوایی و شیرینەمەنی کرایەوە.
ئەمە یەکەمجارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگەیەکی لەم شێوەیە دەکرێتەوە کە 10 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئامێرەکانی نانەواخانە، کوورە و شیرینی لەگەڵ 70 کۆمپانیا بەرهەمهێنەری شیرینی و هەویرکاریی بەشدارن.
لەم پێشەنگەیەدا چەند کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرەپێدانی پیشەی نانەوایی بەشدارییان کردبوو.
یەکێک لە ئەندامانی سەرپەرشتیکردنی پێشانگەکە دەڵێ"ئەم پێشەنگەیە تایبەتمەندە بە نمایشی ئامێر و دەزگا پێشکەوتووەکانی بواری پیشەی نانەوایی و بەشێکی زۆر لە نانەواخانەکانی پارێزگای کرماشان و شارەکانی دەوروبەری لەگەڵ پارێزگاکانی لۆڕستان و سنە تیایدا بەشدارن، ئەم پێشەنگەیە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی نانەواخانەکان بتوان لە ئامێر و دەزگاکانی نانەوایی سوودمەند بن و بە کاش و قیست کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بکڕن، هەروەها گرنگە بە درێژایی ساڵ پێشەنگەی لەم جۆرە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بکرێتەوە بۆ ئەوە پیشەوەران بتوانن لە تەکنیکە پێشکەوتووەکان سوود وەربگرن".
بەشێک لەو ئامێرانەی تایبەت بە کاری نانەواخانە و بەرهەمهێنانی نان لەم پێشەنگەیە نمایش کراون، یەکەمجار لە لایەن داهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دروست کراون و دواتر بەرهەمەکەیان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران لە لایەن بەرهەمهێنەرانی دیکەوە لاسایی کراوەتەوە و کۆپی کراوە.
سەردانکارانی پێشانگاکە پێیان وایە ژمارەی کۆمپانیاکانی بەشدار لە بەشی ئامێرەکان کەمە و ئەو ئامێرانەش کە نمایش کراون زۆر جۆراوجۆر نین و زۆربەیان هاوشێوەن.
سەردانیکارێکی پێشەنگەکەش دەڵێ "کوالێتی ئامێر و کەلوپەلەکان باشن و بۆ کڕیارانیش ڕێژەیەک داشکاندن کراوە، هەرچەندە هەمەجۆری ئامێر و کەلوپەلەکان کەمتر بەرچاو دەکەون و بەشی زیاتری ئامێرەکان لەیەک دەچن، بەڵام بە گشتیی پێشانگەکە خراپ نییە و ئەوەی بەرچاو دەکەوێت لە ئامێرەکانی نانەوایدا پێشکەوتنی بەرچاو کراوە".
لە هۆڵێکی تەنیشت پێشەنگەی نمایشی ئامێرەکانی نانەوایدا، 70 کۆمپانیا بەرهەمەکانی نان و شیرینی و هەویرکاری، دەستڕەنگینی و تام و چێژی بەرهەمەکانیان خستووەتە بەر چاوی سەردانیکاران. ئەم بەشەی پێشەنگەکە بەراورد بە بەشی ئامێرەکان هەم بەرهەمی جۆراوجۆری لێیە و هەم بەهەمەکانیشی دڵخوازی هاووڵاتیانی لەسەر، ئەمەش وایکردووە سەرەڕای ئەو قەرەباڵغیە هەیە بەشێوەیەکی باشتر لە هاووڵاتییان بکرێت.