لە بەردەڕەش نزیکەی 300 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم هاتووە

بەرهەمی پەتاتە لە دەشتی ناوکور - قەزای بەردەڕەش
بەرهەمی پەتاتە لە دەشتی ناوکور - قەزای بەردەڕەش

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتەی لە بەردەڕەش نزیکەی 300 هەزار تۆن بووە.

سێشەممە، 9ـی تەمموزی 2024، ئەندازیار تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمێکی باشی پەتاتە لە بەردەرەش سنووری پارێزگای دهۆک هەبووە کە بە نزیکەی 25 هەزار دۆنم پەتاتە داچێنراوە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "قەبارەی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە بەردەڕەش دەگاتە نزیكەی 300 هەزار تۆن، ئەوەش بڕێكی زۆرە بۆ هەرێمی كوردستان و ساخ کردنەوەی لە بازاڕەکان".

ئاماژەی بەوەش دا، کە "ڕۆژانە ڕێژەیەکی باش لە پەتاتە ڕەوانەی ناوەراست و باشووری عێراق دەکرێت ئەویش هەزار و 600 بۆ 700 تۆن دەبێت وساڵانەش ڕێژەیەکی زۆر لە پەتاتەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، لەلایەن کەرتی تایبەت و بەهاوکاری لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان".

تەحسین سلێمان دەشڵێت: "پەتاتە زیاتر لە 15 جۆری هەیە، خواست لەسەر هەموو جۆرەکانیشی هەیە، بەڵام دوو جۆری سەرەکی پیشەسازی و خواردن خواستی زۆر لەسەرە، هەردوو جۆرەکەش لە بەردەڕەش هەیە".

ڕاشیگەیاند، "بەگشتی بەردەڕەش 25 کۆگای ساردکەرەوەی پەتاتەی هەیە، کە دەتوانێت نزیکەی 200 هەزار تۆن پەتاتە لەخۆ بگرێت، بۆ ئەمساڵ کۆگاکە دەستی بە وەرگرتن نەکردووە، چونکە جووتیاران بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ دەفرۆشن".

Fly Erbil Advertisment