سلێمانی.. هەوڵی زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆ لە پرۆژەکاندا دەدرێت
قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەین زۆرترین دەستی کاری ناوخۆیی لە پرۆژەکاندا هەبێت.
سێشەممە، 9ـی تەمموزی 2024، ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتییەکانی وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و ئاسایشی ئابووری و نشینگە و کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی پیشەسازی کۆبووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەسەر ڕۆشنایی بڕیاری ژمارە 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی ژمارەی ئەو پرۆژانەی لەسنوری سلێمانیدان و ژمارەی ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن،گفتوگۆ کرا؛ بەجۆرێک ڕێژەی دەستی کاری خۆماڵی لە %75 کەمتر نەبێت و دەستی کاری بیانی لە %25 زیاتر نەبێت، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی زۆرترین کەسانی شارەزاو خاوەن بڕوانامە بخرێنە سەر کار.
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرچیان پێ دەکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەستی کاری ناوخۆیی لە پرۆژەکاندا بێت، دەیکەن و لەڕێگەی لیژنە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێگە نادەن کرێکاری بیانی جێگای دەستی کاری ناوخۆیی بگرێتەوە.
گوتیشی: "هانی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەو کەسانەی بێکارن دەدەین لە بەڕێوبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ناو تۆمار بکەن بۆئەوەی بەپێی پسپۆڕییان لە شوێنی گونجاودا کاریان بۆ بدۆزرێتەوە".