یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی داوای ئاكام هاشم دەكات

ئاكام هاشم بەرگریكاری یانەی هەولێر بۆ كوردستان24 دەدوێت. 4 شووباتی 2024 ـ یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری
ئاكام هاشم بەرگریكاری یانەی هەولێر بۆ كوردستان24 دەدوێت. 4 شووباتی 2024 ـ یاریگەی دووەمی فرەنسۆ هەریری

ئاكام هاشم ئەستێرەی كوردی یانەی هەولێر لە لایەن یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی ئۆفەرێكی پێگەیشتووە و لە ماوەی 48 كاتژمێری داهاتوو چارەنووسی خۆی لەگەڵ یانەكەی پایتەختی هەرێمی كوردستان یەكلایی دەكاتەوە.
رۆژی یەكشەممەی داهاتوو هەولێر سەردانی سلێمانی دەكات و دوایین یاریی ئەم وەرزەی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بەرامبەر نەورۆز دەكات، بەمەش جموجۆڵی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە نێو یانەكانی عێراق و كوردستان زیاتر دەبێت.
ئاكام هاشم ئەستێرەی كوردی یانەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند لە لایەن بەڕێوەبەری كارەكانی ئاگادار كراوەتەوە كە ئۆفەرێكی لە یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی پێگەیشتووە.
خوان كارلۆس گاریدۆی راهێنەری ئیسپانی یانە ئێرانییەكە ئارەزووی گواستنەوەی بۆ ئاكام هاشم نیشان داوە، پێشتر ئەو راهێنەرە لە یانەكانی ریال بێتیس و ڤیاریال وەكو یاریزان و راهێنەر كاری كردووە، لە ئەگەری پەیوەندیكردنی بە یانەی ئێرانییەكە، ئاكام وەرزی داهاتوو لەگەڵ پێرسپۆلیس بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەكات.
ئاكام هاشم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بە كوردستان24ـی گوت لە ماوەی 48 كاتژمێری داهاتوو چارەنووسی خۆی لەگەڵ یانەی هەولێر یەكلایی دەكاتەوە و لەگەڵ بریكارەكەشی لەسەرهێڵ دەبێت، بریكاری كارەكانیشی هەمان بریكاری بەشار ڕەسەن، ئیبراهیم بایش و ئەیمەن حوسێنە.
ئاكام هاشم لە لاوانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەستی بە یاریكردن كردووە، دوو نازناوی خولی نایابی كوردستانیشی لەگەڵ تیپی یەكەمی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەدەستهێناوە، ماوەی 4 ساڵیشە لەگەڵ یانەی هەولێر یاریی دەكات.

.