ئیسرائیل بازرگانێكی وڵاتەكەی رادەستی ئەمریكا دەكات

بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسەكانی ھەواڵ، دادگای باڵای ئیسرائیل بە تۆمەتی بردنی چەك و پارچەی یەدەگی فڕۆكەی ئەمریكی بۆ ئێران، فەرمانی دەركرد بازرگانێكی وڵاتەكەی رادەستی ئەمریكا بكات.

بازرگانەكە ناوی ئیلی كۆھینە، لە نێوان ساڵانی 2000 – 2004 ھەروەھا 2012 – 2013 چەكی ئەمریكی و پارچەی یەدەگی فڕۆكەی ئەمریكی كە لە ئیسرائیل دروست كراون، لە رێگەی وڵاتی سێیەم (یۆنان) ناردووەتە ئێران. ئەم جۆرە بازرگانییەش پێچەوانەی ئەو یاسایەی ئەمریكایە، كە ئەنجامدانی دەستەوارە (صفقة)ی چەك لەگەڵ ئێران قەدەغە دەكات.

یوسی میلمان، شارەزای ئەمنی رایگەیاند، كۆھین پارچە چەكی ئەمریكی لە رێگەی وڵاتانی ئەوڕوپی و ئاسیایی بۆ ئێران گواستووەتەوە و پێشتریش دادگایەكی ئەمریكی بە بردنی چەكی ئەمریكی بۆ ئێران، ناوبراوی تۆمەتبار كردبوو، بۆیە ھەر سێ دادوەری دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیاریان دا ئەو بازرگانە ئیسرائیلییە رادەستی ئەمریكا بكرێت.

بەپێی قسەكانی میلمان، كۆھین كە ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای بازرگانی ھەیە، پێشتر بە ھۆی ھەندێ كێشەی بازرگانی دەستگیر كراوە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا ھیچ ئەنجامێكی تاوانكاری و ئیدانەی یاسایی لێ نەكەوتووە.

ئەو شارەزا ئەمنییەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش كرد كە ساڵی 2014 رۆژنامەیەكی یۆنانی لە راپۆرتێكیدا باس لەوە دەكات كۆھین و بازرگانێكی دیكەی ئیسرائیلی، ھەوڵیان داوە لە رێگەی وڵاتێكی سێیەمەوە چەك بنێرنە ئێران، لە نێو ئەو چەك و پارچە یەدەگانەی فڕۆكە، كە ویستوویانە بیفرۆشنە ئێران، پارچەی یەدەگی فڕۆكەی جۆری (ڤانتۆم ئێف 4) ھەبووە.

Fly Erbil Advertisment