جۆی هارت ڕوو ده‌كاته‌ خولی ئیتاڵیا

له‌ دۆزه‌خی گواردیۆلا رزگاری بوو

دوای ئه‌وه‌ی جۆی هارت، گۆڵپارێزی مانچێسته‌ر سیتی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی دوور خرایه‌وه‌، ئێستا له‌سه‌ر داوای خۆی په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی تۆرینۆی ئیتاڵیا ده‌كات.

به‌ گوێره‌ی پێگه‌ی تێلێگرافی بریتانیا، جۆی هارت به‌شێوه‌ی خواستن بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز رووده‌كاته‌ یانه‌ی تۆرینۆی هاوشاری یوڤێنتۆس، بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ بۆ پشكنینی پزیشكی گه‌شتی ئیتاڵیا بكات.

به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌، له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێری داهاتوو به‌ فه‌رمی چوونی ئه‌م گۆڵپارێزه‌ ته‌مه‌ن 29 ساڵه‌ بۆ تۆرینۆ راده‌گه‌یه‌ندرێت.

جۆی هارت، له‌ 2006 په‌یوه‌ندی به‌ مانچێسته‌ر سیتییه‌وه‌ كردووه‌، پێشتر 3 جاری دیكه‌ به‌شێوه‌ی خواستن سیتیزنی بۆ یانه‌كانی دیكه‌ جێهێشتووه‌، ئه‌مجاره‌شیان به‌هۆی په‌راوێزخستنی له‌ لایه‌ن پێپ گواردیۆلای راهێنه‌ری نوێی یانه‌كه‌ بۆ جاری چواره‌م به‌شێوه‌ی خواستن به‌ره‌و یانه‌یه‌كی دیكه‌ كۆچ ده‌كات.