گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق: زۆرترین ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای موسەننایە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، زۆرترین ڕێژەی هەژاریی لەنێو پارێزگای موسەننەدایە، کە ڕێژەکە 52%ـە، دوای ئەوەی پارێزگاکانی باشوور دێن وەك دیوانییە، زیقار. هاوکات لە نەینەواش ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە 32%.
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیچ ژمارەیەکی نوێیان لەبارەی ڕێژەی هەژاری لە عێراق ڕانەگەیاندووە و تا ئێستە پشت بە ژمارە کۆنەکان دەبەستن، ڕووپێیوی کۆمەڵایەتی و ئابووری نوێش بەو نزیکانە تەواو دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەبارەی بوونی زۆرترین ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی عێراق، دەڵێت: زۆرترین ڕێژەی هەژاریی لەنێو پارێزگای موسەننەدایە، کە ڕێژەکە 52%ـە بەڵام ئەم ڕێژەیە کۆنە، دوای ئەوە پارێزگاکانی باشوور دێن وەك دیوانییە، زیقار. هاوکات لە نەینەواش ڕێژەی هەژاری گەیشتووەتە 32%.
بە گوتەی عەبدولزەهرە هنداوی، بە پشت بەستن بە ئامارە نوێیەکان کە لەو نزیکانە تەواو دەبن، پێشبینی دەکات ڕێژەی هەژاری لە عێراق دابەزێت هاوکات جەختی کردەوە، وەزارەتی پلاندانان خەریکە کارەکانی داڕشتنی پلانی پێنج ساڵی داهاتوو بۆ عێراق تەواو دەکات، کە واقعی ژیانی هاووڵاتییانی عێراقی تێدا لەبەرچاو گیراوە.
لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق، عەبدولزەهرە هنداوی، گوتی: تا کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەی دانیشتووانی عێراق 44 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ئەمساڵ بەهۆی بەڕێوەچوونی سەرژمێری دانیشتووان، ژمارەی دانیشتووان بە تەواوی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان دەزانن.
وەزارەتی پلانانی عێراق 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیارکردووە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.
پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی ماوەی 15 ڕۆژ دەخایەنێت و 120 هەزار بژمێر لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە بەشداری دەکەن