ئینگلاند چاوی لە نوسینەوەی مێژووە

هەڵبژاردەی ئینگلاند
هەڵبژاردەی ئینگلاند

هەڵبژاردەی ئینگڵاند سەرەڕای ئەوەی خاوەنی کۆمەڵێک یاریزان و پێکهاتەیەکی تەواوە، بەڵام لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرانی نەبووە و لە کۆی پێنج یاریی رابردوویان، نەیانتوانیوە ئاستێکی باش پێشکەش بکەن و ئەمجارەیان لە قۆناغێکی دیکەی هەستیار یاریی دەکەن.

ئینگلیزەکان یەکەمجارە لە مێژوودا دووجار لەسەر یەک دەگەنە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، سێ شێرەکان نایانەوێت لەو ریکۆردە بوەستن و ئامانجیانە بە بردنەوە لە هۆڵەندا، بۆ یەکەمجاریش لە مێژوودا، بۆ دووەمجاری لەسەر یەک، بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستبهێنن.

هەڵبژاردەی ئینگلاند لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە تاوەکو قۆناغی رابردوو کە قۆناغی چارەکی کۆتایی بووە، بە گشتی پێنج یاریی کردووە و لەو پێنج یارییە سێ بردنەوە و دوو بەرامبەربوونی تۆمار کردووە، هەروەها لەو سێ یارییەی دوو کلین شیتی هەبووە.

گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵاند، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، ئەو دڵخۆشە کە لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی بە توانایە و هاوشێوەی یارییەکانی رابردووش، داوای لە هاندەرانی هەڵبژاردەکەی کرد وەکو یارییەکانی رابردوو لەگەڵیان بن.

'' دڵخۆشم لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی بە ئەزموون و بە توانا کاردەکەم، ئێمە هەمیشە ئامانجمان باشترین ئەنجام بووە، دەمانەوێت ئەم یارییە جیاوازتر بین، دڵنیاشم ئاستێکی باشتر پێشکەش دەکەین. داوا لە هاندەرانمان دەکەم، هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو، بە گڕوتین پاڵپشتیمان بکەن. لوک شاو نزیکەی چوار مانگ بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕا، خۆشبەختانە یاریی رابردوو بەشداری کرد و ئاستێکی باشی پێشکەش کرد، ئەگەر هیچ کێشەیەکی نەبێت، بۆ ئەو یارییەش بەشداری دەکات''.

هەڵبژاردەی ئینگلاند سێیەمجارە سەردەکەوێت بۆ قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، دووجاری دیکەیان شکستێک و بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە، شكستەکەیان دەگەرێتەوە بۆ یۆرۆی 1996 بەرامبەر ئەڵمانیا، بردنەوەکەشیان یۆرۆی رابردوو بەرامبەر دانیمارک بوو.