لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کارگەیەکی ڕیسایکلینی خاشاک دروست دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی سۆران ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکرێت بۆ دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلین وچارەسەرکردنی زبڵ وخاشاک لە تەواوی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیکەی 538 ملیۆن دیناریش تەرخان کراوە بۆ ڕێگەی ڕیسایکلینەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی تەمووزی 2024، خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی و ڕەجب زوبێر حارس، قائمقامی قەزای ناوەندی سۆران و جێگری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکان و ئەندازیارانی سەرپەرشتیار سەردانێکی مەیدانیمان بۆ پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی شوێنی دەست نیشان کراو بۆ کارگەی ڕیسایکلین کرد، بۆ لە نزیک ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "پڕۆژەکە لەسەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی 537 ملیۆن و 350 هەزار دینار لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێ کار دروست دەکرێت.
خەسرۆ ئیسماعیل دەشڵێت: "ئێستە پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتایی دایە و بە تەواوبوونی شەقامەکە ئامادەکاری دەکرێت بۆ دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلین وچارەسەرکردنی زبڵ وخاشاک لە تەواوی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".