مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کرد
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێ کرد. گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "بەمزووانە" کێشەکە چارە دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-07-2024، پێشەوا هەوارامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "بەمزووانە کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چارە دەکرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆ بووەوە. یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران و مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بوو.
بە گوتەی هەورامانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران باس کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.