بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان ڕاگەیەندرا

بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان ڕادەگەیەندرێت
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان ڕادەگەیەندرێت

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-07-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و پاشان لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییە کارگێڕییەکان ئیمزا کرا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی؛ میوانداری سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کردووە؛ بە تایبەت لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد".

بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، "ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار پەناخواز، ئاوارە و پەنابەر کە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان، هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە؛ بەداخەوە تاوەکوو ئێستا بارودۆخی وڵات و ناوچەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە".

سەرەتای پرۆسەی تۆمارکردنی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەتەکان، بەڵام ئەم پرۆسەیە دوای تێکچوونی پارودۆخی ئەمنی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت دوای هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش؛ فراوان بوو.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ گرنگییەتی تایبەتی دا بە بابەتی پەناخوازان، کە لیژنەیەکی هاوبەشی پێکهێنا لە نوێنەرانی (ڕەگەزنامەی گشتی، ICC، ئاسایشی گشتی، دەزگای ئاسایش، نیشینگەی پارێزگاکان) بۆ ئامادەکردن و داڕشتنی ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕێکسختنی کاروباری پەناخوازان کە بگونجێ لەگەڵ دەستووری عێراق و یاسای نێودەوڵەتی و ستانداردی پەنابەری.

 

 

لە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سوورین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و  652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

حکوومەتی هەرێمی کورستان هەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراو جۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لەسەدا 80ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.

لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 53 قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە. ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار و 410 قوتابییە.

Fly Erbil Advertisment