مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ جیاوازییەک میوانداری سەدان هەزار پەناخواز، پەنابەر و ئاوارەکانی ناوخۆی عێراقی کردووە و، لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیانە بۆ شوێنەکانیان. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-07-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و پاشان لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییە کارگێڕییەکان ئیمزا کرا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی؛ میوانداری سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کردووە؛ بە تایبەت لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد".

بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، "ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار پەناخواز، ئاوارە و پەنابەر کە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان، هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە؛ بەداخەوە تاوەکوو ئێستا بارودۆخی وڵات و ناوچەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە".

سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمینێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی زوڵم و ستەم و تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە، ڕووی تێدەکەن".

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "بێگومان کەس پێی خۆش نییە لە ئاوارەیی و پەنابەرییدا بژیت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی هەموو ئاوارە و پەنابەرانە لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانیان بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنەکانیان".

بەشێکی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەبووانی هێژا، میوانانی قەدرگران، زۆر زۆر بەخێربێن. خۆشحاڵم، ئەمڕۆ لێرە بەم بۆنەوەیە لەگەڵ یەکین لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز.

سوپاس بۆ بەشداریتان لەم بۆنەیە کە تایبەتە بە ڕاگەیاندنی ڕێنمایی کارگێڕی بۆ بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان.

چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان، بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی و ڕەگەزی و نەتەوەیی، میوانداری سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق دەکات ، بە تایبەتی کە لەسەرەتای دەسپێکردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش ، بە هەزاران کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد ، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لەو قۆناغەدا، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت و قەیرانی داراییش بووینەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە سەختەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرت و تا ئێستاش لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بەردەوامە و زۆربەی بارگرانییەکەش، لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی هەزاران پەناخواز و ئاوارە و پەنابەر کە بە هۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەداخەوە تا ئێستا بارودۆخی وڵات و شوێنەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بێگومان کەس پێیخۆش نییە لە ئاوارەیی و پەنابەریدا بژی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەمیشە لە گەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی هەموو ئاوارە و پەنابەرانە لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانیان بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنەکانیان.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارکردنیدا بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری پەناخوازان، ماوەیەکە بە هاوکاری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) خەریکی ئامادەکردن و داڕشتنی ڕێنمایی کارگێڕی بووە سەبارەت بە بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان.

ئەم ڕێنماییانە بەشێکە لە بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کارگێڕی و یاسایی بە ئاراستەی پاراستنی مافەکانی پەناخوازان و پەنابەران و دیاریکردنی ئەرکەکانیان. بەتایبەتی لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی ڕێکارەکانی هاتن و پێشوازیکردن لە پەناخوازان و چەسپاندنی ماف و ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان.

دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کورستان و تیمی ئامادەکاری ئەم ڕێنماییانە دەکەم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەم ڕێنماییانەیان ئامادە کردووە.

لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی زوڵم و ستەم و تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە ڕووی تێدەکەن.

لێرە هەوڵمانداوە بە پێی توانای دارایی بەردەستمان، ئاوارە و پەنابەران و پەناخوازان سوودمەند بن له خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکانی وەک خوێندن، چاودێری تەندروستی و ئاسایش و ئارامی و پێداویستییەکانی ژیانیان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ، هاوکار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بن بۆ خزمەتی زیاتری ئەو پەناخواز و ئاوارە و پەنابەرانە تا ئەو کاتەی بارودۆخی وڵات و شوێنەکانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.

ئیتر هەر شاد و سەرکەوتوو بن 

 

Fly Erbil Advertisment