ڕۆمانۆوسکی: پێویستە گەڕانەوەی ئاوارەکان ئارەزوومەندانە و بە شکۆمەندییەوە بێت

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لەو گوتارەی لە ڕێورسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند "پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان ئارەزوومەندانە و بە شکۆمەندییەوە بێت، نەک لە ژێر هیچ فشارێک".
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەری لە خۆگرتووە، ئەمەریکا هەروەک چۆن ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت، بە هەمان شێوە ڕێز لە شکۆمەندیی پەنابەران و ئاوارەکانیش دەگرێت.
گوتیشی: لێرەوە ڕایدەگەیەنم ئەمەریکا پشتیوانیی لە کۆمیساریای باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئەوەی لە ئاستی جیهاندا بە گشتیی و عێراق بە تایبەتی، هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران بکات، هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە نا حکوومییەکانیش دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە هاوکاریی و پاراستنی ژیانی ئاوارەکان و پەنابەرەکان بۆ ئەوەی شوێنی گونجاو و شیاویان بۆ ژیان هەبێت.
باڵیۆزی ئەمەریکا هەر لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بۆ پاراستنی ژیان و گیانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە کە هێشتا ژیانیان لە مەترسیدایە، هاوکاربن بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوە ببرێن.
ڕۆمانۆوسکی گوتی: هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لە دۆخێکدان ناتوانن بەهۆی کێشەی ئەمنی و ناپارێزراوی ژیانیان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هەربۆیە داوا لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم لەوەی دەبێت ئاوارەکان بە شکۆمەندییەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ناشبێت فشار بخرێتە سەر ئاوارە و پەنابەران بۆ ئەوەی لە کەمپەکان بمێننەوە یان فشاریان لێ بکرێت بۆ ئەوەی بەزۆر بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؛ بەڵکو دەبێت گەڕانەوەیان ئارەزوومەندانە و بە شکۆمەندی و لەسەر خواستی خۆیان بێت.
لە بارەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئاوارە و پەنابەران لە عێراق، باڵیۆزی ئەمەریکا ڕایگەیدن، لە دوای 2003ـەوە ئەمەریکا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هاوکاریی پەنابەرانی نیشتەجێی عێراق و ئاوارەکانی ناوخۆیی کردووە، لە 2014ش دوای هێرشی داعش بە بەهای زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلار هاوکاری ئاوارەکانمان کردووە، هەروەها ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووینەتەوە لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان، بەڵام لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی نێودەوڵەتی کاری هاوبەشمان کردووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە ئاوارەکانی عێراق و سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکان.