زیدان دوو ساڵی دیکە دەبێت چاوەڕێ بکات
زۆربەی هاندەرانی هەڵبژاردەی فەرەنسا چاوەڕێ ئەوە بوون، دوای شکستەکەی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر ئیسپانیا و دەکردنیان لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، هەواڵی دوورخستنەوەی دیدیێ دێشامب راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان ببیستن و لە داهاتوویەکی نزیک، زیدان ببێتە شوێنگرەوەی، بەڵام وەکو دیار دیشامب بەردەوام دەبێت و زیدان دەبێت ساڵانێکی دیکە چاوەڕێ بکات.
زیدان دوای وازهێنانی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا لە ساڵی 2021، لەو کاتەوە چەندین یانە و هەڵبژاردە هەوڵیاندا رازی بکەن، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان بگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەفسانەکەی تۆپی پێ فەرەنسا هەموو داواکارییەکانی لە پێناو کورسیەکەی هەڵبژاردەکەی رەتکردەوە.
دەنگۆیەکی بەهێز هەبوو لە ئەگەری بردنەوە یاخود لەدەستدانی ناسناوی یۆرۆی 2024، دیشامب لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە دوای یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا، زۆر بە دڵنیاییەوە رایگەیاند لە مۆندیالی داهاتووش هەر خۆی راهێنەر دەبێت.
دوای ئەو قسانەی دێشامب، فلیپێ دیالۆ سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێ فەرەنساش رەتیکردەوە بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکەیان بدەن و رایگەیاند، هیچ هۆکارێک نابینن بۆ دوورخستنەوەی راهێنەرەکەیان و بە زۆر بە راشکاوانەش پشتگیری مانەوەی کرد.
دێشامب تاوەکو کۆتایی مۆندیالی 2026 گرێبەستی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی هەیە و لە پۆستەکەشی بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت زیدان ئەگەر چاوی لە کورسی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بێت، ئەوا پێویستە دوو ساڵی دیکەش پشوو بدات و مۆندیالی داهاتووش وەکو بینەر سەیری یارییەکانی فەرەنسا بکات.
دیدیێ دێشامب لە ساڵی 2012 بۆ جاری یەکەم وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا دیاریکرا، لەو کاتەوە سەرکردایەتی 160 یاریی هەڵبژاردەکەی کردووە، خاوەنی 102 بردنەوە و 28 دۆڕان و 30 بەرامبەربوونە، هەروەها دیشامب دوو ناسناوی مۆندیال و نەیشن لیگی بردووەتەوە.