یامال کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکات

لامین یامال یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا
لامین یامال یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا

لامین یامال لاوە 16 ساڵانەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا، بە تۆمار کردنی یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی یۆرۆی 2024 بەرامبەر فەرەنسا، ڕەنگە ببێتە پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی 2024 و ببێتە یەکەم یاریزانیش لەم تەمەنە ئەم خەڵاتە بباتەوە.

لاوەکەی لارۆخا، هەرچەندە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکەی هیچ ناسناوێکی نەبردەوە، بەڵام ئامارەکانی یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بتوانێت کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بکات، بۆیە لامین یامال دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمە، بۆ ئەوەی خەڵاتەکە بباتەوە.

میدیاکانی هەرێمی کەتەڵۆنیا هەڵمەتێکی گەورەیان وەکو پالپشتی کردن لە یامال بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەست پێ کردووە، بەڵام ئەوان پێیانوایە دەبێت ئەو یاریزانە سەرکردایەتیی هەڵبژاردەکەی بکات، بۆ بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2024.

یامالی شازدە ساڵ رۆژێک پێش یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا، تەمەنی دەبێتە حەڤدە ساڵ، ئەو یاریزانە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، چەند ڕکابەرێکی بەهێزی هەیە، ئەوانیش بریتین لە ڤینیسیۆس جونیۆر و جود بێلینگهام و هەروەها لیۆنێل مێسی.

ڤینیسیۆس دوای شکستی هەڵبژاردەکەی لە بەدەستهێنانی کۆپا ئەمریکای 2024، چانسی بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر کەم بووە، هەروەها مێسی ئەگەر ناسناوەکەش بباتەوە، ئەوا بەهۆی ئاستەکەی بە درێژایی ئەمساڵ، ئەستەمە بتوانێت کێبڕکێی لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکە بکات.

ساڵی رابردوو بوو کاتێک مێسی خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە، هەموو جیهانی تووشی شۆک کرد، ئەویش تەنها بەهۆی بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالی 2022، بۆیە یامالیش چانسێکی زۆری هەیە دوای بەدەستهێنانی ناسناوی یۆرۆ، خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە.

ئەوەی کە میدیا کەتەلۆنیەکان بە ڕکابەری لامین یامال بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەزانن، جود بێلینگهام ناوەڕاستکارە لاوەکەی هەڵبژاردەی ئینگلاند و یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانیایە، ئەو یاریزانەش چانسێکی باشی هەیە، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی ئەمساڵ خەڵاتەکە بباتەوە.