باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: دەبێت گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان ئارەزوومەندانە بێت

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند: پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت و ئارەزوومەندانە بێت و لە خۆگرتنی ئاوارە و پەنابەرەکانیشی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بەرز نرخاند.

چوارشەممە (10ـی تەمموزی 2024) ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کورستان و کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بەشدار بووم لە ڕاگەیاندنی ڕێنمایی کارگێڕی نوێ بۆ پاراستنی مافی ئاوارەکان بەشێوەیەکی باشتر.

ڕۆمانۆوسکی ئاماژەی بەوەش کردووە: پێویستە گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان بەشێوەیەکی سەلامەت، ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە بێت.

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە: هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنم لە میوانداریکردنی زۆرێک لە پەنابەرە سوورییەکان و ئاوارە عێراقییەکان.

چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و نوێنەری کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، کە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییە کارگێڕییەکان ئیمزا کرا.