شاخەوان عەبدوڵڵا: کوردێک دەبێتە پارێزگاری کەرکووک

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا و چاوەڕوانی خەڵکی پارێزگاکە کۆتایی هات. ئەمە سەرەتای خێر و خۆشییە و بە دڵنیاییەوە کوردێک دەبێتە پارێزگار.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: گۆڕانکاری لە ئیدارەی کەرکووك دەکرێت، زۆر کەس پێی وابوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ناکرێت، کەچی ئەوە هەڵبژاردنیش کرا. ئەمە سەرەتای خێر و خۆشییە بۆ خەڵکی پارێزگای کەرکووک.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوە کرد: وەکو شاندێکی پەرلەمانی عێراق هاتووینە بۆ کەرکووک، تا پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکەین بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕوودەدات.

لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووکەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاشکرای کرد: بە دڵنیاییەوە کوردێک دەبێتە پارێزگار بەهۆی ئەوەی کورد زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی بەدەست هێناوە.

جەختی لەوەش کراوە: ڕێککەوتن لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە کراوە کە پێکەوە ئیدارەی پارێزگاکە بکەن بە هاوبەشی.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 11ـی ته‌ممووزی 2024، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک گوتی: كاتژمێر 5ـی ئێواره‌ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک چوونه‌ هۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەستی پێ کرد. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم ئەندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ئامادەی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون و بەرنامەی کار خوێندرایه‌وه‌.

ڕاکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەی بەڕێوە برد و گوتی: بەشداریی هەموو لایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک نەکراوە، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریی و سەقامگیری.

باسی لەوەش کرد، "کەرکووک بۆ عێراق زۆر گرنگە هەروەها خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە عێراقدا هەبووە".

ڕۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024 ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.

Fly Erbil Advertisment