پۆلیسی هەولێر 12 کەسی بە تۆمەتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە چەکی بێمۆڵەت دەستگیر کرد

K24 – هەولێر:

دوای بڕیاری قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، هەندێک کەس بەشێوەیەکی نهێنی مامەڵە و کڕین و فرۆشتنیان بە چەکی بێ مۆڵەت و قەدەغەکراو دەکرد، کە مەترسی و هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی هاووڵاتییان. هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا 12 تۆمەتباریان دەستگیر کرد.

هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ سەر شوێنێک کرد کە بەشێوەیەکی نهێنی  مامەڵەیان بە چەکی بێ مۆڵەت دەکرد، ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو، دەستگیرا بەسەر زیاتر لە 6 هەزار فیشەکی جۆراوجۆر و 174 مەخزەنی جۆراوجۆر و 18 دەمانچە و 9 کڵانشیکۆف و قەناسێک و چەندین چەقۆی جۆراوجۆر و چەندین کەلوپەلی سەربازی تر، لەگەڵ دەستگیرکردنی 12 تۆمەتبار، هاوکات دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی پڕ چەک لە شوێنەکەدا گیرا.

هاووڵاتییانی ناوچەکە دەستخۆشی لە حکوومەت و بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەکەن بۆ ئەم هەڵمەتە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ژمارە زۆرە چەکە بێ مۆڵەتە کە مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی خەڵک.

30ـی حوزەیرانی ساڵی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و دەست بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا بگرن بۆ ئەوەی چیتر نەبن بە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان.

ئەحمەد هەژار، پارێزەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی ماددەی 15 لە یاسای 2ـی چەکدا هاتووە هەر کەسێک مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە چەک بکات، یان چەکەکەی تۆمار نەکرابێت و بێ مۆڵەت بێت، سزاکەی بریتی دەبێت لە بەندکردن کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە 3 ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردن کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.

لای خۆیەوە نەقیب کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، گوتی: دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییان ئاگادار کراینەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە چەک دەکرێت، پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئۆپەراسیۆنەکی بۆ سەر شوێنەکە کرد و دەستگیرا بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە چەک، هەروەها 12 کەسیش دەستگیر کران.