لە تورکیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت

جیاکردنەوەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا
جیاکردنەوەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

لە تورکیا داواکارییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێوەیەکی بەردەوام لەلایەن  ئۆپۆزیسیۆنەوە دووبارە دەکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەش کۆمپانیاکانی ڕاپرسی یەک لە دوای یەک هەوڵی وەرگرتنی ویستی خەڵکن لەسەر ئەوەی ئاخۆ کام پارت ئیدارەی وڵات بکات و هەڵبژاردن بکرێت، دەنگ بە کێ دەدەن.

بەپێی نوێترین ڕاپرسی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) توانیویەتی ئەو دەنگانەی لەخۆ بگرێتەوە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ـی ئادار بەدەستیهێنابوون. هاوکات ئاکپارتی هێزی جەماوەریی ڕابردووی لەدەستداوە و لە پلەی دووەم دایە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئاخۆ چوار ساڵی ئاییندە بەبێ هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت یان ساڵێکی دیکە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە لە بەردەم تورکیا دایە؟

پارتی گەلی کۆماری دوای 22 ساڵ یەکەم پارتی سەر ئاستی تورکیایە و هێدی هێدی خۆری ئاکپارتی بەرەو ئاوابوون دەچێت. دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کۆمپانیاکانی ڕاپرسی ناوەڕۆکەکەیان زیاتر بووەتە هەڵبژاردنی پێشوەختە و کامە پارت ئێستا لەناو خەڵک زۆرترین دەنگی هەیە. بەشێوەیەکی گشتی جەهەپە توانیویەتی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەدەستهێناون، بیپارێزێت.

ڕاپرسییەکی کۆمپانیای پانۆڕاما، کە لەگەڵ دوو هەزار و 160 کەس کراوە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و دەنگەکانی لە 35%ـە. هاوکات پارتی داد و گەشەپێدان لە پلەی دووەم دایە و لە 32.1%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. دوای ئەو پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دێت و دەنگەکانی لە 9%ـیە.

لەلایەکی دیکەوە ویستی خەڵک لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەبێت، بەپێی ڕاپرسی کۆمپانیای ئاریا، کە لەگەڵ دوو هەزار و 56 بەشداربوو کردوویەتی، ویستی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن خەڵکەوە 53.3%ـیە.

هەرچەندە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاکپارتییەوە ڕەت دەکرێتەوە بەڵام بابەتێک نییە لە ڕۆژەڤی ئەردۆغان نەبێت چونکە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، دەتوانێت جارێکی دیکە بۆ سەرۆککۆماری خۆی کاندید بکاتەوە، بەپێچەوانەوە ئەمە کۆتا جاریەتی و ناکرێت خۆی هەڵبژێرێتەوە. ئەردۆغان ویستی لەسەر هەڵبژاردنی پیشوەختە هەیە بەڵام دۆخی ئابووری وایکردووە نەتوانێت ئەم دەرفەتە بەکاربێنێت چونکە لە ڕاپرسییەکاندا دۆخی ئاکپارتی باش نییە.

دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە (14ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی دەنگی نیوەی زیاتری دەنگدەرانی وڵاتەکەیان بەدەستبهێنن، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کەوتە گەڕی دووەم کە ئەمەش بووە یەکەم هەڵبژاردن لە مێژووی دروستبوونی کۆماری تورکیا بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی وڵات، پەنا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ببرێت.

ڕۆژی (28ـی ئایاری 2023)، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو، میدیا تورکییەکان بڵاویانکردەوە کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 84%..

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار ڕێژەی 52.2%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت ڕێژەی 47.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەگوێرەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە، سیستمی تورکیا سەرۆکایەتییە و سەرۆکی هەڵبژێدراو بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی تورکیا دەکات.

هەروەها ڕۆژی (31ـی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش جەهەپە زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی تورکیا بەدەستهێناو بووە هێزی یەکەمی ئەو وڵاتە و پێش ئاکپارتی کەوتەوە.