ئالکاراز و جۆکۆڤیچ رووبەڕوو دەبنەوە

نۆڤاک جۆکۆڤیچ - کارلۆس ئالکاراز
نۆڤاک جۆکۆڤیچ - کارلۆس ئالکاراز

نۆڤاک جۆکۆڤیچ تێنسزانی سڕبی و دووەم باشترین تێنسزانی جیهان، بە بردنەوەی لە لۆرێنزۆ مۆسێتی تێنسزانی ئیتاڵی گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی گراند سلامی ویمبڵدۆن.

نۆڤاک جۆکۆڤیچ دووەم باشترین تێنسزانی جیهان، لە قۆناغی پێشکۆتایی گراند سلامی ویمبڵدۆن، رووبەڕووی لۆرێنزۆ مۆسێتی ئیتاڵی بووەوە، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە بە ئەنجامی سێ سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش چوار و حەوت شەش و شەش چوار بوون.

جۆکۆڤیچ خاوەنی حەوت ناسناوی گراند سلامی ویمبڵدۆن، ئەگەر لە یاریی کۆتایی بتوانێت لە کارلۆس ئالکاراز بباتەوە و ببێتە پاڵەوان، لە تەمەنی 37 ساڵی دەبێتە بە تەمەنترین پاڵەوانی گراند سلانی ویمبڵدۆن.

لە یارییەکی دیکەی قۆناغی پێشکۆتایی پاڵەوانێتیەکە، کارلۆس ئالکاراز تێنسزانی ئیسپانی و سێیەم باشترین تێنسزانی جیهان، بە بردنەوەی لە دانیێل مێدڤێدێڤ بلیتی یاریی کۆتایی ویمبڵدۆنی بەدەستهێنا.

ئالکاراز چاوەڕێ دەکرا لەم یارییە تووشی ئەستەمی ببێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەکان توانی یارییەکە بە ئەنجامی سێ سێت بەرامبەر سێتێک بباتەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی، ئەنجامی سێتەکانیش حەوت شەش و شەش سێ و شەش چوار و شەش چوار بوون.

ئالکاراز بۆ دووەمجاری لەسەر یەک گەیشتە یاریی کۆتایی ویمبڵدۆن و دەیەوێت بردنەوەی ساڵی رابردوو، بەرامبەر نۆڤاک جۆکۆڤیچ دووبارە بکاتەوە و دووەم ناسناوی پاڵەوانێتیەکە بەدەست بهێنێت.