شەقام و کۆڵانەکانی شارەدێی قەسرۆک قیرتاو دەکرێنەوە
سەرۆکی شارەوانی قەسرۆک ڕایدەگەیەنێت: پرۆژەیەکی قیرتاوکردن لە شارەدێی قەسرۆک بە پشتیوانیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لەگەڵ ئەوەی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە حکوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان نەناردووە.
غەیاس محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی قەسرۆک ڕایگەیاندووە، بە 589 ملیۆن دینار، دوو ڕێگای سەرەکی لە ناحیەی قەسرۆک قیرکران کە پێشتر قەرەباڵغییەکی زۆری لە ناحیەکە دروست کردبوو، دەشڵێت: لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین لە ڕێگای پرۆژەی دیکەوە خزمەت بە هاووڵاتییانی ناحیەکە بکەین".
بەپێی زانیارییەکان، پرۆژەی قیرتاوکردنەوەکە، بە درێژی 14 کیلۆمەتر، شەقام و کۆڵانەکانی شارەدێی قەسرۆکی سەر بە قەزای بەردەرەشی گرتووەتەوە.
سەرۆکی شارەوانیی قەسرۆک ئاشکرای دەکات: پرۆژەکە ئاسانکاریی زۆر بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکات، هاووڵاتییەکی ناحیەی قەسرۆکیش دەڵێت: "دڵخۆشم بە قیڕتاوکردنی ئەم دوو ڕێگایە کە بووەتە هۆی ئەوەی بە ئاسانی هاتوچۆ بکەین، لە ماوەی ڕابردوودا ئاستەنگی ڕێگاکە کێشەی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردبوو".
ماوەی 10 ساڵە، عێراق هیچ بودجە و بڕەپارەیەک بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تازەکان، هاوکات پرۆژە کۆنەکانیش نۆژەن دەکاتەوە.