شێروان نانەكەلی: ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە، دەبێت کۆنترۆڵی خواردنیان بکەن و پەنا نەبەنە بەر نەشتەرگەری

د.شێروان نانەكەلی، پزیشكی پسپۆری هەناو
د.شێروان نانەكەلی، پزیشكی پسپۆری هەناو

K24 – هەولێر:

پزیشكێکی پسپۆری هەناو، جەختی لە ئەنجامدانی وەرزش و کەمکردنەوەی خواردن کردەوە بۆ مەبەستی کۆنترۆڵکردنی کێش زیادی لەش. هاوکات بە پێویستی زانی هیچ جۆرە حەب و دەرزییەک بۆ کێش دابەزاندن بەکار نەهێندرێت.

د.شێروان نانەكەلی، پزیشكی پسپۆری هەناو، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: پێویستە کێش زیادی لە ڕێگەی بەرنامەی چارەسەرییەوە کۆنترۆڵ بکرێت. هەروەها دەبێت بەرنامەکە لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆری خۆراکدا بێت.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر کەسەکە کێشی یەکجار زۆر بوو و بێ ئومێد بوو لە کێش دابەزاندن، ئەو کاتە ڕەنگە بیر لە نەشتەرگەری بکرێتەوە، بۆیە دەبێت نەشتەرگەری بڕینی گەدە دواین چارەسەر بێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کەسێک کە 80 بۆ 100 کیلۆ بێت پێیویستی بە نەشتەرگەری بڕینی گەدە نییە، ئەو نەشتەرگەرییە وەک هەر نەشتەرگەرییەکی دیکە هەندێک کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە هەیە.

لەبارەی ڕێگەی تەندروست بۆ کێش دابەزاندن، د.شێروان نانەكەلی، گوتی: "ئەو کەسانەی کێشیان زیادە دەبێت کۆنترۆڵی خواردن بکەن و بەرنامەیەکی خواردن دابنێن و وەرزش بکەن، چونکە ئەوە باشترین ڕێگەیە."

ناوبراو هیوادارە هاووڵاتییان پەنا نەبەنە بەر خواردنی هیچ حەب و دەرزییەک بۆ کێش دابەزاندن، هەروەها نەشتەرگەری بڕینی گەدەش.

Fly Erbil Advertisment