کۆمەڵگەی زۆنگاونشینەکانی عێراق لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە

لە ناوچوونی ماسییەکانی ناوچەی ئوم وەدع لە پارێزگای ناسرییە
لە ناوچوونی ماسییەکانی ناوچەی ئوم وەدع لە پارێزگای ناسرییە

وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی زۆنگاوەکانی ئوم وەدع، لە باشووری پارێزگای ناسرییە، یەک بە دوای یەک کۆچ بکەن.

خانووەکان چۆڵ بوونە و گامێش و ماسییەکانیش لەناوچوونە، لەکاتێکدا ئوم وەدع یەکێک بوو لە جوانترین ناوچە ئاوییەکانی عێراق، بەڵام بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ژینگەکەی تەواو پێچەوانە بووەتەوە و لە ناوچەیەکی ئاوی و قامیشەڵانەوە بووەتە خاکێکی یەکپارچە وشک و قڵەشاو.

سەرەڕای وشکیی سروشتی ناوچەکە، بەڵام بەشێکی دانیشتووانی ئوم وەدع دەستیان لە ناوچەکەیان بەرنابێت و نایانەوێت بە یەکجاری چۆڵی بکەن و داوای هاوکاریی لە حکوومەت دەکەن.

دانیشتووانی ئوم وەدع داوای بە هاناوەچوون لە حکوومەتی عێراق دەکەن
دانیشتووانی ئوم وەدع داوای بە هاناوەچوون لە حکوومەتی عێراق دەکەن

دانیشتووێکی ناوچەکە دەڵێ "ئێمە وەک دانیشتووانی ئوم وەدع داوا لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین چارەیەکمان بۆ بدۆزنەوە، دۆخمان زۆر خراپە و ئاو کەمە. بۆ هەرکوێیەک دەچین دەرگاکان بەڕووماندا داخراون، خەڵک کۆچ دەکات، گامێشەکانمان لەناو چوون، باڵندەکانیش ئومێدێکیان بە مانەوە نەماوە و کۆچ دەکەن".

دانیشتووێکی دیکەش دەڵێ " خەڵکی کۆچ دەکەن، چونکە دەستکەوت و قووتی خەڵک پەیوەستە بە ئاوەوە، بەڵام لەوەتەی زۆنگاوەکان وشکیان کردووە، ئیتر خەڵکەکەش پەیتا پەیتا لێرە دەڕۆن".

مرداربوونەوەی گامێش و ئاژەڵانی دیکەی ئوم وەدع بەهۆی کەمئاویی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی
مرداربوونەوەی گامێش و ئاژەڵانی دیکەی ئوم وەدع بەهۆی کەمئاویی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی

لە ناوچوونی سامانی ماسی و گامێشەکان، هەروەها نەبوونی هەلی کار وای کردووە زۆرینەی دانیشتووانی ئوم وەدع کۆچ بکەن و بە ناچاری بەرەو شارەکانی بچن بۆ ئەوەی بژێویان دابین بکەن.

داوا لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن چاوێکیان لە دۆخی ناهەمواریان بێت و بڕی پێویست ئاویان بۆ بەربدرێتەوە تا ژیان بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.

کۆچکردنی زۆنگاونشینەکانی ئوم وەدع
کۆچکردنی زۆنگاونشینەکانی ئوم وەدع

هەر لە بارەی دۆخی زۆنگاوەکان، سەلامە سەرهید، جێگری پارێزگاری زیقار گوتی "نزیکەی حەوت هەزار خێزان زۆنگاوەکانیان چۆڵ کردووە، ئەم ژمارەیە زۆرە و پێویستی بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی هەیە. پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بەپەلە کارێک بکات بۆ چارەکردنی دۆخەکە و هێشتنەوەی ئەو خەڵکانەی هێشتا ماونەتەوە".

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ترسی دانیشتووانی ئوم وەدع لە کەمی ئاو و وشکەساڵی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەکات.