ئینگلتەرا دەیەوێت یەکەم نازناوی ئەورووپایی بباتەوە

ێاریی کۆتایی یۆرۆ 2024
ێاریی کۆتایی یۆرۆ 2024

ئەمشەو کاتژمێر 22 بە کاتی هەولێر، لە یاریگای ئۆڵمپیکۆ لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا لە یاریی کۆتایی یۆرۆ2024 رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، لارۆخا چاوی لە چوارەم نازناوە و هەروەها سێ شێرەکانیش ئامانجیانە یەکەم ناسناوی ئەورووپایی ببەنەوە.

هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش، بۆ جاری پێنجەم لە مێژوودا گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆ. ئەو هەڵبژاردەیە هەر لە قۆناغی کۆمەڵەکانەوە بە ئاست و ئەنجام باڵادەست بوون و خۆیان گەیاندە قۆناغی دووەم، دواتر لە قۆناغە هەستیارەکانیش لەسەر ئەنجامە باشەکانیان بەردەوام بوون و دواجار گەیشتنە یاریی کۆتایی.

لامین یامال ئەستێرە 17 ساڵانەکەی لارۆخا، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی هەموو هاوکێشەکانی گۆڕیوە و ڕەنگە ببێتە یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکیەکان، بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024. ئەو یاریزانە ئەگەر بێتو لە یاریی کۆتاییش سەرکردایەتی بردنەوەی هەڵبژاردەکەی بکات، ئەو کات بە ڕێژەیەکی زۆر کێبڕکێیەکی بەهێز دەکات، بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ.

ئیسپانیا پێشتر چوار جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا و تەنها یەکجار دۆڕاوە، ئەویش لە یۆرۆی 1984 بەرامبەر فەرەنسا بوو، لە بەرامبەردا سێ یاریی کۆتایی بەرامبەر هەڵبژاردەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بردووەتەوە. لارۆخا بە بردنەوەی لەم یارییە دەبێتە خاوەنی 4 ناسناوی یۆرۆ و بە تەنهایی پێشەنگایەتی وەکو خاوەن زۆرترین نازناو دەگرێت.

لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی ئینگلاند ئەوانیش هاوشێوەی رکابەرەکەیان، پاڵێوراو بوونە بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی یۆرۆ 2024، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوە رکابەرەکەی ئەمشەویان ئاستی و ئەنجامیان وەکو پێویست نەبوو و لە کۆتاییدا گەیشتن بە کۆتایی پاڵەوانێتیەکە.

سێ شێرەکان یەکێکن لە هەڵبژاردە بێ چانسەکانی جیهان و ئەورووپا، ئەو هەڵبژاردەیە سەرەڕای ئەوەی خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی کوالێتی بەرز و بەهێزترین خولی جیهانن، بەڵام هەرگیز جیلی نوێ ئەم هەڵبژاردەیە دیمەنی بەرزکردنەوەی جامەکانیان نەبینیوە.

ئینگلیزەکان بەردەوام دروشمیان ئەوە بووە ''جامەکە دەگەرێنینەوە ماڵەوە '' کەچی لەوەتەی مۆندیالی 1966 نەیانتوانی جامەکە بگەڕێننەوە. ئەم دروشمە لەوە سەری هەڵداوە، ئینگلیزەکان پێانوایە ئەوان داهێنەری بیرۆکەی تۆپی پێ نوێن.

هەڵبژاردەی ئینگلاند دووەمجارە لەسەر یەک دەگاتە یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا، ئەو هەڵبژاردەیە وەشانی رابردوو لە ساڵی 2021 دەرفەرتێکی زێڕینیان بۆ رەخسا بۆ ئەوەی ناسناوەکە لەناو ماڵەکەیان بەرز بکەنەوە، بەڵام بەرامبەر ئیتاڵیا دۆڕان و ئەمجارەیان نایانەوێت نازناوەکە لەدەست بدەن و هەموو ئامانجیشیان، بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەورووپایە.