ئۆتۆمبێلی هێرشکەرەکەی سەر ترەمپ پڕ لە تەقەمەنی بوو
دەزگا میدیاییەکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، ئەو چەکدارەی تەققەی لە دۆناڵد ترەمپ کرد، ئۆتۆمبێلەکەی پڕ لە تەقەمەنی کردبوو، لێکۆڵینەوەش لە هەوڵی تیرۆرکردنی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەردەوامە.
رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ و تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاویان کردەوە، تەقەمەنی لە ئۆتۆمبێڵی هێرشکەرەکە ماتیۆ کرۆکس دۆزراوەتەوە کە لە نزیک کۆبوونەوەی جەماوەریەکەی پەنسلڤانیا وەستابوو.
شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە، بۆ هەوادارانی لە ئەنجامدا بریندار بوو.
دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کردووە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە. لە ئەنجامی ڕووداوەکە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش برینداربووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی کوژراوە تەقەکەرەکە بووە".
هاوکات کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کردووە و لە دۆخی تەندروستیی پرسیوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سەرکۆنەی هەوڵی کوژرانی دۆناڵد ترەمپ دەکات و نووسیویەتی "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم".
هەروەها ڕایگەیاندووە، هاوخەمم لەگەڵ قوربانیانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە و هاوپشتیی خۆمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەردەبڕین .