سەرمەد بەیاتی: داعش ماوەو دەتوانێت زیان بەهێزەکان بگەیەنێت
شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات، داعش سوودی لە بۆشاییە ئەمنییەکان وەرگرتووە، دەشڵێت: داعش هەرچەند توانای داگیرکردنی هیچ خاک و سنوورێکی نەماوە، بەڵام توانای ئەوەی ماوە مەترسی دروستبکات و زیان بەهێزە سەربازییەکان بگەیەنێت.
یەکشەممە 14ـی تەممووزی 2024، سەرمەد بەیاتی، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵەکانی داعش بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لە دوێنێ و ئەمڕۆ لەسەر دەستی داعش ڕوویداوە، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، دەڵێت: لەنزیک بەغدا لە خان بەنی سەعد ناوچەیەکی پارێزراو هەبوو، جێهێڵدرا و داعش بۆخۆی قۆستیەوە، ڕایگەیاند کە، زۆربەی ئەو داعشانە بۆمبێیان پێ بووە، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، داعش ئەو توانا سەربازییەی لەکوێ هێناوە کە زیان بە هێزی عێراقی بگەیەنێت.
گوتی: ناوچەیەکی بۆشایی ئەمنی هەیە، دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هەیە، پێویستە ئەو لیوایانە بۆشاییە ئەمنیەکە پڕ بکەنەوە، دەڵێت: نازانین مەبەستی داعش چی بووە، بەڵام دەزانین داعش جموجۆڵی هەیە و لە کارەکانی بەردەوامە، مەترسی هەیە و زیانی گەیاندووە، حەوت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بەدەستی داعش کوژراون.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: راستە داعش ناتوانێت خاک داگیر بگات، بەڵام دەتوانێت زیان بە هێزەکان بگەیەنێت، دەتوانێت ئەفسەرە باڵاکان بکوژێت، گوتی: ئێمە هەواڵگریمان لاوازە، سەرباری ئەوەی لاوازی ئەمنیش هەیە، ئەگەر زانیاریی هەواڵگریی هەبێت، ئەو زیانە بەر هێزەکان ناکەوێت.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شارەدێی قەرەهەنجیر دوو چەکداری داعش دزەیان کردبووە نێو شارەدێکە و لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش ڕووبەڕوو بوونەتەوە و بەهۆیەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بووە.
ئاڤێستا شێخ محەممەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، دوو چەکداری داعش بە ماتۆڕسایلێکەوە بە نیازبوون بچنە نێو قوتابخانەیەک، بەڵام هێزەکانی ئاسایش ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و توانیویانە یەکێک لە چەکدارەکان بکوژن و چەکدارەکەی دیکەش بە برینداری دەستگیر بکەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر لە ڕووبەڕوو بوونەوەکەدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش شەهید بووە و یەکێكی دیکەش بریندارە.
هەر لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە، کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە، لە شارەدێی قەرەهەنجیر، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک پاش دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێریی ورد و بۆ دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش چوون پاش ڕووبەڕووبوونەوە، تیرۆریستێک کوژرا و یەک لە تیرۆریستان بە برینداری دەستگیر کراوە.
هەروەها ئاماژەی داوە، لە ڕووبەڕوو بوونەوەکەدا کارمەندێکی ئاسایش بەناوی جوامێر عەزیز ڕەشید شەهید و کارمەندێکی دیکەش بریندار بووە.