یاسەمین زەکی: خەڵکی ئەمەریکا چاوەڕێی ئەو هێرشەی سەر دۆناڵد ترەمپی نەدەکرد

یاسەمین زەکی پارێزەری نێودەوڵەتی
یاسەمین زەکی پارێزەری نێودەوڵەتی

پارێزەرێکی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی ئەمەریکا چاوەڕوانی ئەو هێرشەیان نەدەکرد کە کرایە سەر دۆناڵد ترەمپ، دەشڵێت: هاوسۆزی خەڵکی ئەمەریکا بۆ دۆناڵد ترەمپ زیاد دەکات و دەنگەکانی بەرز دەبنەوە.

یەکشەممە 14ـی تەممووزی 2024، یاسەمین زەکی پارێزەری نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکەی کرایە سەر دۆناڵد ترەمپ بۆ کوردستان24 گوتی: خەڵکی ئەمەریکا پێشبینی ئەو ڕووداوەی نەدەکرد، بەتایبەت بۆ دۆناڵد ترەمپ، دەشڵێت: هێشتا خەڵکێکی زۆر خۆیان یەکلا نەکردووەتە دەنگ بەکێ دەدەن، بۆیە ئەو ڕووداوە کاریگەریی لەسەر ڕای جەماوەر دروست دەکات و ئەگەری هەیە دەنگەکانیان بەلای دۆناڵد ترەمپەوە بێت.

ئەو پارێزەرە پێی وایە، دەنگە یەکلا نەکراوەکان ڕەنگە دەنگ بە بایدن نەدەن و لە کۆمارییەکان نزیک ببنەوە بەهۆی ئەو ڕووداوی تەققە کردنە لە دۆناڵد ترەمپ.

دەشڵێت: سیاسەتمەداران و دیموکراتەکان پێیان وایە جۆ بایدن خۆی بکێشێتەوە چاکترە چونکە لەڕووی دەروونیەوە شیاو نییە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ترەمپ، گوتی: کۆمارییەکان پتەون و پشتیوانی لە ترەمپ دەکەن.

لەبارەی ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکان یاخود دیموکراتەکان، یاسەمین زەکی گوتی:  هەڵبژاردن سێ مانگ کەمتری ماوە، بۆیە دەبێ لایەنەکان زۆر بەخێرایی کار بکەن، پێشی وایە کامەلا هاریس باشترین کاندیدە لە ئێستادا بۆ جێ گرتنەوە.

شەممە، 13ی تەممووز 2024، نزیک کاتژمێر7:00ـی ئێوارە بە کاتی پێنسلڤانیا، لە شاری بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ کرا، لە کاتێكدا  کە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرقاڵی قسەکردن بووە، بۆ هەوادارانی لە ئەنجامدا بریندار بوو.

دوابەدوای تەقەکە، لێکۆڵینەوە لە هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ترەمپ دەستی پێ کردووە و سەرچاوە ئەمنییەکانیش دەڵێن، "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریان خستووە کە تەقەکەرەکە لە دەرەوەی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ بووە، لە ئەنجامدا بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی دیکە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەی دیکە دەڵین، ئەوەی مردووە تەقەکەرەکە بووە".

لای خۆیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی تەمموزی 2024، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دوای تەقەکردن لەسەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە شاری باتلەر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپەوە کرد.

دواتر جۆو بایدن هاتە دەنگ و گوتی، "لە ئەمەریکادا جێگەی ئەم جۆرە توندوتیژییە نییە، پێویستە وەک یەک نەتەوە یەک بگرین".

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاوی دەکاتەوە، بایدن لەگەڵ جۆش شاپیرۆ، پارێزگاری ویلایەتی پێنسیلڤانیا و بۆب داندۆی سەرۆکی شارەوانی باتلەر قسەی کردووە.