ئومێد سەباح: بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، بەدواداچوون بۆ بڕیاڕەکانی سەرۆکوەزیران دەکەن، لە کۆبوونەوەیەکیشدا گفتوگۆی پرسە کارگێڕییەکان و گرفتە یاساییەکانیان کردووە لەپاڵ چەند پرسێکی دیکەی گرنگ.
یەکشەممە 14ـی تەممووزی 2024، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ هەریەکە لە پارێزگاری سلێمانی و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین ئەنجامداوە.
وەک سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم کۆبوونەوەیە دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دێت بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئامانجیش لەکۆبوونەوەکە بۆ بەدوادوچوون بوو سەبارەت بە بڕیارەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان، هاوکات جێبەجێکردنی داواکاریەکانی هەردوو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەرین و گەرمیان .
30ـی حوزەیرانی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای سەردانیکردنی پارێزگای هەڵەبجە، چووە باڵاخانەی پارێزگای سلێمانی و لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و جێگرەکانی پارێزگا و قایمقامەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادەی بوون، پارێزگاری سلێمانی، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکی حکوومەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کار و چالاکیی و پرۆژە و کێشە و گرفتەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی خستەڕوو.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، کە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و شارو ناوچەکانی هەرێم بکات.
هاوکات دووپاتیکردەوە، کە هەرچی لە توانایان بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە پارێزگاکە دەیکەن .
مەسرور بارزانی، سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوکار و یارمەتیدەر و پشتیوانیی کارنامەی حکومەت بوون لە بواری بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز لە هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرفتە کارگێڕییەکان و گرفتە یاساییەکان و پێدانی دەسەڵاتەکان لە ڕووی یاسایی و چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە کرا، لەگەڵ پرسی کێشەی زەوی زاری ئەو ناوچانە و پێداویستییە داراییەکان بۆ یەکە کارگێریەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و تەرخانکردنی و خەرجکردنی بڕە بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی ئەو ناوچانە .