پەرلەمانتارێک: هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێشێلکارییە ئەمنییەکانی پارێزگای دیالە و کەرکووک بەرپرسیارن

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی تەمموزی 2024، پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت: هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێشێلکارییە ئەمنییەکانی پارێزگای دیالە و کەرکووک، بەرپرسیارن. هاوکات ئاماژەی بەوەدا، کە پێک نەهێنانی حکوومەتی خۆجێی دەرفەت  بە شانە تیرۆریستییە نووستووەکان دەدات بۆ جووڵە و ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عامر عەبدولجەبار، بە مێدیایەکی ناوخۆیی ڕاگەیاند: هێز و لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارییەتی تەواویان لە ئەستۆدایە سەبارەت بەو پێشێلکارییە ئەمنییانەی لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک هەیە، ئەوەش بەهۆی ململانێکان و قازانجی کەسی و پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێی و کێبڕکێ لەسەر هەندێک پۆستە، کە بوونەتە مایەی تێکچوونی دۆخی ئەمنی.

دەشڵێت: دەبێت حکوومەت بڕیارەکانی خۆی بەسەر ئەوانەدا بسەپێنێت کە ئیدارەی ئەم پارێزگایانە دەکەن، چونکە حاڵەتەکانی کوشتن و تاوانی جۆراوجۆر زۆر بووە و کاریگەریی لەسەر هاووڵاتیانی بێتاوان هەیە، حکوومەتیش هیچ هەڵویستێکی بۆ سەپاندنی ئەمنیەت نییە. ڕاشیگەیاند، پێکنەهێنانی حکوومەتی خۆجێی لە دیالە و دواکەوتنی چارەکردنی ئەو بابەتە دەرفەتێک دەدات بە شانەکان بۆ ئەوەی بتوانن بجوڵێن و دۆخی ئەمنی تێک بدەن.

ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی ڕابردوو، چەکدارانی داعش لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک جموجۆڵیان هەبووە چەندین هێرشیان کردووە.

هێرشەکانی داعش لە عێراق بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هێزە ئەمنییەکان، پاش ئەوەش، وەزیری بەرگری، ثابەت ئەلعەباسی و وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، سەردانی مەیدانی بۆ هەردوو پارێزگاکە کرد، تاکوو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی بکەن و فەرمان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکان دەربکەن.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، ڕۆژی شەممە، 13ـی تەمووز، بەهۆی هێرشێکی داعشەوە لە پارێزگای دیالە، ئەفسەرێکی پۆلیسی فیدراڵی کوژرا و پێنج کارمەندی ئەمنیش بریندار بوون.

هەروەها دوێنێ یەکشەممە، لە شارۆچکەی قەرەھەنجیر، دوو چەکداری داعش لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی هەرێم ڕوبەڕووبوونەوە کە لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش کوژرا و یەکێک لە ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوەکەش کوژراو یەکێکیش بەبرینداری دەستگیر کرا.

شەش مانگ زیاتر بەسەر هەڵبژاردنی خۆجێی پارێزگاکاندا تێپەڕیووە، کە تاوەکوو ئێستا لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک حکوومەتی خۆجێی بەهۆی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان، پێک نەهێنراوە .

Fly Erbil Advertisment