ئەکبەر حەیدەر: کارەکانی پەکەکە لە بەرژەوەندی ناحەزان و دوژمنانی گەلی کوردە

بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین ڕایگەیاند، ئەو کارانەی گرووپی تێکدەر و تیرۆریستی پەکەکە، ئەچێتە خانەی کاری تیرۆریستی و لە بەرژەوەندی ناحەزان و دوژمنانی گەلی کوردە.

ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو کارانەی گرووپی تێکدەر و تیرۆریستی پەکەکە، ئەچێتە خانەی کاری تیرۆریستی"، دەشڵێت، پەکەکە بەم هەنگاوە شەڕانگێزیانەی، بەتایبەتی لەو دوو سێ ساڵەی کۆتایی، سەرنجیان لەسەر ئەوەیە هەموو ئەو کادیر و هەڤاڵانەی لە هێزەسیاسییەکانن بەتایبەتی ئەو هێزە سیاسیانەی بەرگری لە خاکی کوردستان میللەتی کورد دەکەن بکەن ئامانج.

ئەکبەر حەیدەر ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کارانەی گرووپی تێکدەری پەکەکە لە بەرژەوەندی ناحەزان و دوژمنانی گەلی کوردە، ئەوان ئەگەر بەڕاستی نیازیان ئازاد کردنی کوردستانە، با هەوڵ بدەن بستێک لە خاکی پیرۆزی باکووری کوردستان ئازاد بکەن.

بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین دەڵێت: جێ بەجێکردنی ئەو بەرنامانە، بە دڵنیاییەوە دەستی دوژمنان و ناوحەزانی کورد و کوردستانی لە پشتە، کە ئەیانەوێت هەرێمی کوردستان کە بەخوێن و قوربانی گەیشتووەتە ئەو قۆناغە، ئاسایش و ئارامییەکەی تێک بدەن.

ڕۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم ماڵەکەی، لە شاری کەلار تەقێندرایەوە.

ئەکرەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بە "کارێکی تیرۆریستی" ناوبرد و گوتی: "ئۆتۆمبێلەکە بە بۆمبی لكێندراو، تەقێنراوەتەوە". ڕاشیگەیاند، خۆی، شۆفێرەکەی و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵیان بووە، بەهۆی ئەو "کردە تیرۆریستییەوە" بە سووکیی بریندار بوون و "چەند چرکەیەک زیاتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکە ماباینەوە، هەموومان لەنێوی دەسووتاین".

بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی پێی وایە پێش ڕووداوەکە چاودێریی کراوە، "چونکە سەرەتا ئۆتۆمبێلەکەم لەنێو حەوشەی ماڵدا بوو، دواتر شۆفێرەکەم بردبوویە دەرەوە؛ نزیکەی چارەکێک لە دەرەوە بوو و هیچ شتێک ڕووی نەدابوو، بەڵام کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکە بووم و ئۆتۆمبێلەکە جووڵا، تەقییەوە. گومانم هەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵەوە و لە دوورەوە تەقێندرابێتەوە".

ڕۆژی (16ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە: لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەمموزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو گرووپە تێکدەرە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی بەرگری لە کوردستانیان بە ئامانج گرتووە کە بەشێکیان شەهید بوون و لە بەشێک لە کارە تێکدەرانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و پووچەڵ کراونەتەوە و ئەو گرووپە بەوەش نەوەستاون، بەڵکوو بە سووتاندنی شوێنە گشتییەکان، بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر، ڕقی خۆیان هەڵڕشتووە و بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە کاسبکاران و هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەرێمی کودستان".

هەروەها جەختی کردووەتەوە: ئەم گرووپە بوونەتە ئامرازێک بۆ بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان و کاری نایاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هاوکات باسی لەوەشکردووە: ئەم سەرەڕۆییەی گرووپی تێکدەری پەکەکە، داهاتووی ناوچەکە دەخاتە بەر مەترسیی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاردانەوەی نەرێنی و نەخوازراو بەدوای خۆیدا دێنێت، بەردەوامیدان بەو کردەوانە بێوەڵام نابێت و سەرکردایەتیی گرووپەکە بەرپرسن لە هەر لێکەوتە و کاردانەوەیەک.

Fly Erbil Advertisment