محەممەد ڕەحیم: عێراق پێویستی بە یاسای نوێ هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
سەرۆکی دامەزراوەی نەهرەین بۆ پاڵپشتی شەفافییەت و دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، لە هەموو سێکتەرە حکوومەییەکانی عێراق گەندەڵی بڵاو بووەتەوە، عێراق پێویستی بە یاسای نوێ هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی تەمموزی 2024، محەممەد ڕەحیم، سەرۆکی دامەزراوەی نەهرەین بۆ پاڵپشتی شەفافییەت و دەستپاکیی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرەنگاربوونەوەی گەندەلی کارێکی زۆر قورسە لە عێراق، ئیرادەی سیاسیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەساد لە سێدارەدراوە لە هەموو سێکتەرە حکوومەییەکان گەندەڵی بڵاو بووەتەوە لە دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە بۆ کەرتی تایبەت، هەروەها بووە بە کێشەش بۆ ناو کۆمەڵگاش.
محەممەد ڕەحیم دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی بۆ گەندەڵی سیستەمی پشک پشکانێ لە ئیدارەی وڵاتدا هەیە، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی دەستنیشانی بکەین، پشک پشکانێ وا دەکات کە شەفافیەت نەبێت، بە پێێ ڕاپۆرتە نیودەوڵەتییەکانیش عێراق پلەکەی لە شەفافییەتی بودجەدا 9% دا تێناپەڕێنێت، ئەوەش کێشەیەکی زۆر گەورەیە".
دەشڵێت: "سەرۆکوەزیرانی ئێستە وەکو یەکەم حکوومەتی عێراقی لەناو کۆمەڵگای عێراقی ژیاوە، لە گرفت و کێشەی هاووڵاتییانی عێراق تێدەگات، دەبینێت بەرنامەی حکوومەت گەندەڵە و گەندەڵی تێدایە، بە پلەی یەکەم. کاریش دەکەن بۆ دەستەی دەستپاکی، لەم حکوومەتەدا ئالیەت و گەیاندنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گۆڕاون، لە خەرجکردنی ماڵێك لە یەک ساڵدا دامەزراوەی هەناردەکردن، بەراورد ناکرێت بە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی عێراق پێویستی بە یاسای نوێ هەیە، بەتایبەتیش دەستەی نەزاهە پێویستە ڕاستکردنەوەی بۆ بکرێت کە تەنها چوارچێوەی کەرتی گشتی وەردەگرێت".
ئاماژەی بەوەش دا، کە "هەموو کەسێک کەرتی تایبەت و لایەنی دیکە دەبینێت، کە پارەی تێدا سپی دەکرێتەوە و گەندەڵی تیدا دەکرێت، بۆیە پێویستە ئەم یاسایەی دەستەی دەستپاکیی ڕاست بکرێتەوە و کەرتی تایبەتیش لەخۆ بگرێت، هەموو کون کەلەبەرێک بگرێت کە گەندەڵی تێدایە. هەروەها دواتر پێویستە لە عێراق یاساکان جێبەجێ بکرێن، یاسای ئیداری ماڵی ژمارە شەش پێویستە جێبەجێ بکرێت، تاکو ئێستە یەک لە دامەزراوەکانی عێراق یەک ماددەی 50یان لەم یاسایەدا جێبەجێ نەکردووە".
محەممەد ڕەحیم دەشڵێت، "ئێمە کەرتی گرنگمان هەیە کە فەساد و گەندەڵی، دەستی لە بەسەردا گرتوون پیویستە ئەمانە چارە بکرێن، هەموو ئەوانە کێشەی گەورەن".
ڕاشیگەیاند، "لە کەرتی ئەمنیش ئێمە کێشەمان هەیە، پێویستە یاساکان نوێ بکرێنەوە و جێبەجێ بکرێن و پابەندی پێوە بکرێت، چونکە یاسای نوێمان پێویستە، هەروەها پێویستە پێداگری لەو یاسانە بکەین کە دەرکراون و جێبەجێ نەکراون، هەروەها هەماهانگی بکەین لەگەڵ ئەم یاسانە نیودەوڵەتییانەی کە هەن، کە بۆ ئێمە دەگونجێن".
"ئەم پەرلەمانەی ئێستەی عێراق کە هەیە، هیچ بایەخێکی نەداوە بە یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی". محەممەد ڕەحیم، سەرۆکی دامەزراوەی نەهرەین بۆ پاڵپشتی شەفافییەت و دەستپاکیی عێراق، وای گوت.
