محەممەد ڕەشید مامەند: خواست لەسەر دەرمانی کارگە ناوخۆییەکان هەیە

بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لەهەولێر ڕایگەیاند: شەش کارگەی دروستکردنی پێداویستیی پزیشکیمان هەیە. هەروەها سێ کارگەی جیاوازی دروستکردنی دەرمانمان هەیە، کە ڕۆژانە بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕ.

د. محەممەد ڕەشید مامەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لەهەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، شەش کارگەی دروستکردنی بەرهەمی پێداویستیی پزیشکیمان هەیە، هەروەها سێ کارگەی جیاوازی دروستکردنی دەرمانمان هەیە، کە ڕۆژانە بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕ.

گوتیشی: بەشێک لەو کارگانە بەرهەمی جیاواز دروست دەکەن، کە دەتوانن لە سەدا 50ـی پێداویستی ناوخۆ پڕ بکەنەوە، هەروەها پڕۆژەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە ئەویش یەکخستنی کڕینی دەرمانە، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران، دەرمانی لەو کارگە ناوخۆییانە کڕیووە.

باسی لەوەش کرد، ئەو بەرهەمانەی لە کارگە ناوخۆیەکان دروست دەکرێن، لە دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستن و ڕۆژانە هاووڵاتیان بەکاریان دەهێنن، ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژانە سکاڵای هاووڵاتیانمان پێ دەگات، دەربارەی ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن، بەشێک لەو سکاڵایانە لەسەر ئەو بەرهەمانە بووە کە لەدەرەوەی وڵات هاوردە کراون، خۆشبەختانە گلەیی لەسەر دەرمانی ناوخۆیی نییە.

محەممەد ڕەشید دەشڵێت: بەشێک لەو کارگانە بەپێی ستانداردی جیهانی کار دەکەن، توانییویانە کارگەکانیان لە دەرەوەی کوردستانیش تۆمار بکەن، کە لەچەندین وڵاتی عەرەبی بەرهەمەکانیان دەخرێنە بازارەوە.

بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لەهەولێر ڕاشیگەیاند،:بەرهەمە پزیشکییەکانی دیکە پێک هاتوون، لە پێداویستیی پزیشکی، جلوبەرگی پزیشکی و ژووری نەشتەرگەری، سرنج و پاکژکەرەوە و ئەو بەرهەمە پزیشکیانەی لە نەخۆشخانەکان بەکار دەهێنرێن.