یامال ژمارەی درێسی هەڵبژارد
لامین یامال ئەستێرە لاوەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و هەروەها یانەی بارسێلۆنا، رەتیکردەوە ژمارە 10ـی یانەکەی لەبەر بکات و ژمارە 19 هەمان ژمارەی درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یۆرۆ 2024 هەڵبژارد.
لامین یامال ماوەیەک لەمەوبەر بە شێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی وەکو یاریزانی تیپی یەکەمی بارسێلۆنا، لەگەڵ یانەکەی واژۆ کرد و زۆر لە هاندەرانی یانەکە چاوەڕێ ئەوەیان دەکرد، ئەو یاریزانە لاوە بۆ وەرزی نوێ درێسی ژمارە 10 هەڵبژێرێت، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەکان، یاریزانە 17 ساڵانەکەی یانە کەتەلۆنیەکە بڕیاریدا وەرزی نوێ بە درێسی ژمارە نۆزدە یاری بکات.
سەرچاوەکانی کەتەلۆنیا بڵاویان کردەوە، هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو ژمارەیە لەلایەن یامال، هەمان ئەو ژمارەی درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی، کە لە یۆرۆی 2024 توانی ناسناوەکە لەگەڵ وڵاتەکەی بباتەوە.
لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لە هاندەرانی یانەکەش پێیانوابوو ئەو یاریزانە لاوە درێسی ژمارە 17 هەڵبژێرێت، ئەویش بەبۆنەی تەمەنەکەی، بەڵام دواجار ئەو ژمارەشی رەتکردەوە.