لوکاکو دەبێتە شوێنگرەوەی ئۆسمین
یانەی ناپۆلی ئیتاڵیا، دەیەوێت ڕومێلو لوکاکو، هێرشبەری بەلجیکی یانەی چێڵسی ئینگلاند، بۆ وەرزی نوێ وەکو شوێنگرەوەی ڤیکتۆر ئۆسمین بگوازێتەوە ڕیزەکانی.
ماڵپەری سپۆرت میدیاسێتی ئیتاڵی بڵاوی کردەوە، دەرچوونی ڤیکتۆر ئۆسمین، هێرشبەری نایجیری یانەی ناپۆلی لەو یانەیە، تاوەکو رێژەیەکی زۆر یەکلایی بووەتەوە و ڕەنگە ئەو یاریزانە، وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا بکات، هەربۆیە بەرپرسانی یانەکەی باشووری ئیتاڵیا، دەیانەوێت لوکاکو وەکو شوێنگرەوەی هێرشبەرەکەیان بگوازنەوە ڕیزەکانیان.
لوکاکو, وەرزی رابردوو بە شێوەی خواستن لە ڕیزەکانی یانەی ڕۆما یاری کرد و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکە کاتییەکەی، گەڕایەوە ئینگلاند و پەیوەندی بە چێڵسی کرد و تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە لەندەنیەکە هەیە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە تەنها بژاردەی ئانتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەری یانەی ناپۆلی، ڕومێلو لوکاکویە و بۆیەش بەرپرسانی یانەکە دەیانەوێت لە ماوەی داهاتوو، گفتوگۆکانیان لەگەڵ یانەی چێڵسی دەست پێبکەن.