تەرمی برای پارێزگاری دهۆک گەیشتەوە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:
تەرمی ڕێدیر تەتەر نێروەیی، برای پارێزگاری دهۆک، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان.
ڕێدیر تەتەر نێروەیی، برای پارێزگاری دهۆک دوای ئەوەی لە ئیتالیا نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسکی بۆ کرا، گیانی سپارد. ئەمشەو تەرمەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە هەولێر، بڕیارە سبەینێ کاتژمێر 9ـی بەیانی لە مزگەوتی جودی نوێژی لەسەر بکرێت و کاتژمێر 10 لە گۆڕستانی شاخکێ لە دهۆک بە خاک دەسپێردرێت.
ڕێدیر تەتەر نێروەیی، لە ساڵی 2010ـەوە فەرمانبەری بەشی یاساییە لە دیوانی پارێزگای دهۆک. لە ساڵی 1985 لەدایک بووە، دەرچووی بەشی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی دهۆک بوو. هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیی لە یەکێک لە زانکۆکانی بەریتانیا بەدەست هێناوە، ناوبراو خێزاندارە و کچێکی هەیە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لەبارەی کۆچی دوایی براکەیەوە ڕایگەیاند: سوپاسی سەرۆک بارزانی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و تەواوی ئەو کەسانە دەکات کە پرسە و سەرەخۆشیان ئاراستە کردووە، هاوکات سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە لە ماوەکانی ڕابردوو لە تەندروستی براکەیان پرسیووە.
ئێوارەی هەینی (12ـی تەمموزی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر کرد بۆ کۆچی دوایی (ڕێدیر)ی برای.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی پێگەیاند و هیوای خواست، خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت.