حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی دەرمان دەکات

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

بۆ ڕێکخستنەوەی كه‌رتی دەرمان لە ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە دروستکرن و ڕێگەپێدان بە کردنەوەی کارگەی نوێی دەرمان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی. 

ئەو کارگانەی لە هەرێمی کوردستان دەرمان بەرهەم دەهێنن، دەبێت ھاوشێوەی کارگە جیھانییەکان بن لە ڕووی بەرھەم و کوالێتییەوە؛ کە تاوەکوو ئێستاش توانراوە سێ کارگەی گەورەی دەرمان بکرێتەوە کە پێویستی زۆری بازاڕی ھەرێمی کوردستان پڕ دەکەنەوە. 

پەیامنێری کوردستان24، دەچێتە یەکێک لە کارگە فراوان و گەورەکانی دەرمان لە ھەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 168 جۆری جیاواز دەرمان بەرهەم دەهێنێت. بەشێکی زۆری دەرمانی ئەم کارگەیە لە نەخۆشخانە حکومییەکان سوودیان لێ وەردەگیرێت و بە ستانداردی جیھانی کارەکانیان دەکەن.

شاخەوان عومەر، جێگری بەڕێوه‌بەری گشتیی کارگەی ئاوامیدیکا کە بەشێوەیەکی بەردەوام لەنێو تاقیگە و تاقی کردنەوەی دەرمانەکاندا کار دەکات، دەڵێت: بە وردی پشکنین و بەدواداچوون بۆ کوالێتیان دەکەین و دڵنیایی دەدات لەو دەرمانانەی لە ناوخۆ دروست دەکرێن لە ڕووی کوالێتییەوە.

گۆڤەند مەحموود، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان ئاماژە بەوە دەکات "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامانجی ڕێکخستنەوەی سێکتەری دەرمانە لە ڕێگەی دروستکردنی کارگە و دامەزراوەی نوێی دەرمانەوە".