لیژنەی کوالێتی بەنزین: هیچ سەرپێچییەک لە فرۆشتنی بەنزین قبووڵ ناکەین

لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین لە پارێزگای هەولێر، 32 بەنزینخانەی بەسەر کردەوە و هۆشداریی توندی دایە ئەو شوێنانەی کە پابەندی نرخە فەرمییەکان نەبوونە.

شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین لە پارێزگای هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی مافی هاووڵاتییان،  بەدواداچوونی مەیدانیی بۆ 32 بەنزینخانە ئەنجامدا.

بە پێی راگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، ئەو بەنزینخانانەی کە پابەند نەبوون بە نرخە دیاریکراوەکانی فرۆشتنی بەنزین لە جۆرەکانی (سوپەر، موحەسەن و نۆرماڵ) کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دەستنیشان کراون، بە توندی ئاگادار کرانەوە و ناچار کران بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان. هاوكات، هۆشداری پێویستیان پێدرا کە هەر سەرپێچییەکی داهاتوو رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند و سزای کارگێڕیی کتوپڕیان دەکاتەوە.

ئەندامانی لێژنەکە دووپاتیان کردەوە، هیچ جۆرە پێشێلکارییەک لە بواری فرۆشتنی بەنزین و یاری کردن بە نرخەکان قبووڵ ناکرێت. هەر بەنزینخانەیەک بڕیارە فەرمییەکان پێشێل بکات، جگە لە سزای دارایی و یاسایی، رووبەڕووی داخستنی یەکجاریی شوێنەکەی دەبێتەوە.

لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەڵمەت و بەسەرکردنەوانە بە شێوەیەکی بەردەوام و رۆژانە بەڕێوە دەچن، بە ئامانجی دڵنیابوون لە جێبەجێبوونی فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی بەنزینی کوالێتی باش بە نرخێکی گونجاو، رێکخستنی بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان.