سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران بەردەوامە

سێنتکۆم رێڕەوی 12 کەشتیی بازرگانیی بەرەو ئێران گۆڕیوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی بەندەرەکانی ئێران بە تەواوی کاریگەرە، و تاوەکو ئێستا هێزەکانیان رێڕەوی 12 کەشتیی بازرگانیان گۆڕیوە و دەستیان بەسەر یان پەکخستنی چەندین کەشتی تردا گرتووە کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکەیان داوە لە کەنداو و دەریای عەرەبدا.

یەکشەممە 26ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی ئێران بە تەواوی کاریگەریی خۆی پاراستووە و هێزەکانیان بە توندی چاودێری هاتوچۆی دەروازە ئاوییەکان دەکەن.

بەپێی ئاماری سێنتکۆم کە تا رێکەوتی 25ی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە رێڕەوی 12 کەشتیی بازرگانی بگۆڕن کە دەیانویست گەمارۆکە بشکێنن، هاوڕێ لەگەڵ پەکخستنی 2 کەشتی دیکە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەکان و چوونە سەر پشتی 2 کەشتی تریش بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی تەواویان بە بڕیارەکان.

سێنتکۆم ئاماژەی بە دوو پێشهاتی گرنگ دا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، لەوانە؛ کەشتیی M/T Charminar، کەشتییەکی نەوتهەڵگری هەڵگری ئاڵای وڵاتی کۆمۆرۆسە، کە رۆژی 25ی تەممووز لە ئاوەکانی دەریای عەرەب لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پشکنینی فەرمیی بۆ کراوە و دوای دڵنیابوونەوە ڕێگەی پێدراوە بەردەوام بێت لە گەشتەکەی.

هاوکات کەشتیی M/T Lavine، کەشتییەکی نەوتهەڵگری هەڵگری ئاڵای وڵاتی مۆزەمبیقە، کە رۆژی 24ی تەممووز لە ئاوەکانی گەرووی عومان پەکخراوە، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە چەندین جار هەوڵیاندا گەمارۆکە بشکێنن و سەرجەم هۆشدارییەکانی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکایان پشتگوێ خست. راگەیەندراوە کە ئەم کەشتییە چیتر ناتوانێت بەرەو بەندەرەکانی ئێران تێپەڕ ببێت.

سێنتکۆم، جەختی کردەوە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە بەرزترین ئاستی وریایی، تەرکیز و وەڵامدانەوەی خێرادان بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە جووڵەیەکی نایاسایی.