ئەمڕۆ پارتی لیستی کاندیدەکانی پێشکەش دەکات
ئەمڕۆ، پارتی لیستی کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات.
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ماوەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی پارت، هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، تاکوو پێنجشەممە، 18-07-2024، درێژ کردەوە، ئەمڕۆ ئەو ماوەیە کۆتایی دێت.
"وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان زیاتر درێژ ناکرێتەوە"
خالد عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هەموو لقەکانی سەر بە کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان، تاوەکوو کاتژمێر 02:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-07-2024، لیستی کاندیدەکان وەردەگرن و وادەکە لەمە زیاتر درێژ ناکرێتەوە".
خالد عەباس باسی لەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی پێی ڕاگەیاندوون، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیستی کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکی لقی دهۆک و لقەکانی دیکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
ژمارەی ئەو هاوپەیمانی و پارتیی تۆمارکراو لە سنووری هەولێر
مەروان محەممەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-07-2024، دوو هاوپەیمانی، 11 پارتی سیاسی و 28 کاندیدی سەربەخۆ لیستی ناوەکانیان پێشکێش کردووە.
بە گوتەی مەروان محەممەد، 12 کاندید لە کۆتای تورکمان و لە کۆتای کریستییانیش شەش کاندید لیستی ناوەکانیان پێشکەشی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.
لەبارەی ئەو پارتە سیاسییانەی تاوەکوو ئێستا لیستی کاندیدانیان پێشکەش نەکردووە، وەکو ئەوەی بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی کرد، "تەنها پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی لیستی کاندیدانیان پێشکەش نەکردووە".
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی 20-05-2024، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنی سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 100 کورسی، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستانی بۆ کۆتاى پێکهاتەکان تەرخان کرد و ژمارەی کورسییە گشتییەکانیشی کەم کردەوە، بەم شێوەیە: سلێمانی 36 کورسی، هەولێر 32 کورسی و دهۆکیش 24 کورسی.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان".
بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024، لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.